رۆدا نوزاد
plus4
پێش ساڵێک

رۆدا نەوزاد مدحەت ناسراو بە رۆدا مدحەت لە ساڵی ١٩٩٥ لەشاری کەرکوک هاتۆتە دونیاوە. لە ١٩٩٦ەوە لەگەڵ خێزانەکەیدا لە وڵاتی کەنەدا نیشتەجێن.

ڕۆدا مەدحەت وەک هونەرمەندێکی کوردی- کەنەدی، لە ئێستادا لە شاری تۆرۆنتۆی وڵاتی کەنەدا نیشتەجێیە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە هونەرە جوانەکان لە زانکۆی ئۆکاد بەدەستهێناوە، لە بوارەکانی هونەری ڤیدیۆیی، فۆتۆگرافی، و کاری پەیکەرسازی/دامەزراندن. سەرەڕای ئەوەش، لە قوتابخانەی فیلم و تەلەفزیۆنی  FAMU لە شاری پراگ خوێندنی بەرهەمهێنانی فیلمی تەواو کردووە.

 

       بەشێک لە کارە جۆراو جۆرەکانی ڕۆدا لە گەلەری و شانۆ و شوێنە گشتیەکان لە سەرانسەری کەنەدا نمایشکراون. لە ساڵی ٢٠٢٢ یەکێک لە پەیکەرەکانی بەناوی (فەرش) لە ڤیستیڤاڵی شەوی سپی(نوی بڵانش) لە تۆرۆنتۆ نمایشکرا و لە میدیا ناوخۆییەکاندا ستایشی زۆری لێکرا. لە ساڵی ٢٠٢٣ ڕۆدا وەک وەرگری خەڵاتی ٤٠١ی ڕیچمۆند بۆ دەستپێکردنی پیشە هەڵبژێردرا.

 

      ڕۆدا وەک هونەرمەندێک کە بەها بە دەستڕاگەیشتن دەدات، نەخشەی ئەو پەیکەرانە دەنەخشێنی کە سنووری دامەزراوە هونەرییە فەرمیەکان تێدەپەڕێنێت. زۆرجار دیدگای داهێنەرانەی ئەو لەسەر ئەزموونی ئەو منداڵانەیە کە لە جوگرافیایەکی جیاواز هاتونەتە دونیاوەو ئێستا لە شوێنێکی تر ژیان دەکەن، بەدواداچوون بۆ ئاڵۆزییەکانی ژیان لە نێوان کولتوورەکاندا دەکات. ڕۆدا لە ڕێگەی هونەرەکەیەوە هەوڵدەدات پردێک لە دابەشبوونە کولتوورییەکان دروست بکات و هەستکردن بە ئەزموونی هاوبەشی مرۆیی بەرەوپێش ببات. خۆبەخشییەکەی بۆ دروستکردنی هونەری کاریگەری کۆمەڵایەتی و سەرسوڕهێنەری بینراو، جەخت لەسەر پابەندبوونی ئەو دەکاتەوە بۆ پێشخستنی سنوورەکانی هونەری هاوچەرخ.

رۆدا لە دووایین سیمنارییدا بە ناونیشانی ( هەوڵێک بۆ شکاندنی تینوێتی هونەری کوردی) لە شاری هالیفاکسی نۆڤا سکۆشیا سەرباری باسکردن لە ئەزمونی خۆی لە بواری کاری هونەری باسی لە کارێکی خۆیکرد پەیکەرێکە لەلایەن شارەوانی تۆرنتۆوە پشتیوانی لێکراوەو بە شێوەیەکی هەمیشەیی لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری تۆرنتۆ دادەنرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا.

لە وەڵامی پرسیارێکی ئامادەبوواندا کە بۆچی بەشێکی بەرچاو لە کارەکانت لە شێوەی فەرش نمایش دەکرێت؟ لە وەڵامدا وتی: دوژمنەکانی کورد هیچیان بۆ نەهێشتوینەتەوە فەرشێک نەبێت بۆ ژێرمان و چەکێک بۆ بەرگری. لە وەڵامی پرسیارێکی تردا، بۆچی بەشێک لە کارەکانت کاتیین، تەنها شەوێک و دواتر دەیپێچیتەوە؟ لە وەڵامدا وتی: ئەوەش وەک زۆرینەی ماڵی کورد بۆ کاتێکی کەم روناکە و لە پڕ دەروخێنرێت.

 

 

بۆ زیاتر ئاشنا بوون بە کارەکانی رۆدا سەردانی ماڵپەڕەکەی بکەن..

https://www.rodamedhat.com/