puk
plus4
پێش ٢ ساڵ

 

فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بەشداریی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق ناكات.

 

دەقی راگەیێنراوەکەی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق:
 
سەبارەت بە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، كە بریارە لە دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران بەڕێوەبچێت، ئەگەر بڕیارە، بیر لە پێكهێنانی حكومەتێكی نیشتمانیی بەهێز بكرێتەوە، لۆژیك لەكوێیە؟ ئەوەی دوێنی لە سەنگەری بەرگری لە سیستمی عیراقی نوێ و تێكشكاندنی پاشماوەی بەعسییەكان و تیرۆریستانی قاعیدە و داعش، بوو، پێی دەگوترێت برۆ ببە بە ئۆپۆزسیۆن.

 

لەبەر نەبوونی هێزێكی تۆكمەی نیشتمانیی سەربازی لە سەرانسەری وڵات و بوونی  گروپی جیا جیا، هێشتا پێكهاتەكانی عیراق پێویستیان بە تەوافوق و سازان هەیە بۆ جێگیركردنی زیاتری دامەزراوە دەوڵەتییەكان.
بۆیە دامەزراندنی حكومەتێكی بە هێز، كە دەنگی هەمووانی تێدا بێت و وەڵامدەرەوەی هەموو ئاڵنگارییەكانی سەر پرۆسەی سیاسی عیراق بێت، هێشتا پێویستیمان بە پرەنسیپی سازانە.

 

ئەو بیركردنەوەیە تەنیا بۆ ناو ماڵی شیعەش لۆژیكی نییە، ئەی ئەمە چ جۆرە بیركردنەوە و چ لۆژیكێكە، هێشتا حكومەتی هەرێم  كۆمەڵێك كێشەی چارەسەرنەكراوی دەستووری و قانوونی هەیە لەگەڵ حكومەتی ئیتحادی، گرینگترینیان ماددەی 140ی دەستوور و دۆسیەی نەوت و پرسی هێزی پێشمەرگەیە، باسی حكومەتێكی زۆرینە بكات كە بە دەنگی كورد هیچ پرۆژە یاسایەك، جگە لەناو هۆڵی پەرلەمان، بەڵكو لە ئەنجوومەنی داهاتووی وەزیرانیش تێپەڕ نابێت.

 

كەواتە هەموو هەوڵ و تێكۆشانی خەڵكی كوردستان بكەینە قوربانی دەستكەوتی چەند كەسێك كە هیچ بەهایەك بۆ  قوربانییەكانی گەلەكەمان دانانێن و بە دوای دروشمێك كەوتوون، كە هیچ باوەڕیان بە مافی كورد و پێكهاتەكانی دیكەی عیراقیش نییە.

 

بۆیە ئەوەی سبەی دەگوزەرێت لەپێناو حكومەتێكی بەهێزی نیشتمانیی و داهاتوویەكی باشتر نییە بۆ گەلانی عیراق، بەڵكو هەندێ لایەن، بەپێی بەرژەوەندی تایبەت و تێڕوانینی‌ نا ڕاست، لە ئاوی لێڵ مەلە دەكەن.
ئێمە لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، وەك بەرپرسیار و پارێزەری مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی خەڵكی كوردستان و پارێزەری یەكڕیزی پێكهاتەكان و خاكی عیراق، لەگەڵ ئەوانەی لەگەڵمان هاوڕان  لە دانیشتنی سبەی ئەنجوومەنی نوێنەران بەشدار نابین.