Plus4
berî 47 deqîqe
سەندیکا بۆ رۆژنامەنوسانی کەرکوک: خۆتان لەئاگری ناکۆکی بەدوور بگرن
شەڕی میدیایی دژ بەیەکی نێوان رۆژنامەنوس و چالاکوانانی نزیک لەجەبهەی تورکمانی و تەقەدووم لەسۆشیال میدیا تادێت زیاتر پەرە دەستێنێت، لقی کەرکوکی سەندیکای رۆژنامەنوسانیش هۆشداری دەداتە هەمووان کە پابەندی پرەنسیپەکانی کاری میدیایی بن.
لقی کەرکووکی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی عێراق لەراگەیەندراوێکدا دەڵێت: سەندیکا لەم دواییانەدا تێبینی ئەوەی کردووە کە هەندێک لە هاوکاران لاپەڕە کەسییەکانی خۆیان یان هەندێک سەکۆی ڕاگەیاندنیان بەکارهێناوە بۆ خستنەڕووی پەیام کە بەهۆی تایبەتمەندی کەرکوکەوە وەک بەئامانجگرتنی هەندێک پێکهاتە یان کەسایەتی پارێزگاکە لێکبدرێتەوە، ئەمەش دژە لەگەڵ پرەنسیپ و ئەخلاقیاتی کاری ڕۆژنامەنووسیی بەرپرسیارانە.
سەندیکا دووپاتی دەکاتەوە کە بەئامانجگرتنی هەر پێکهاتەیەکی کەرکوک یان بێڕێزیکردن پێی، خزمەت بە پارێزگاکە ناکات، بەڵکو رەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر یەکڕیزی و تەبایی کۆمەڵگە هەبێت.
داواش لە هەموو رۆژنامەنوس و راگەیاندنکاران دەکات، ڕێز لە یاسا بگرن و بە دوور بن لە هەر بابەتێک کە دەبێتە هۆی خۆشکردنی ئاگری ناکۆکی یان گرژی لە نێوان دانیشتووانی پارێزگاکەدا.




