plus4
پێش ٢ کاتژمێر
دوا قسە لەبارەی کاندیدکردنی مالیکی کراو دەستوەردانی ئەمریکا قبووڵ ناکەن
هیشام ڕوکابی؛ لێرسراوی نووسینگەی ڕاگەیاندنی نوری مالیکی؛ وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە کە دژی کاندیدکردنەوەی مالیکین بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق و دەڵێت: ئەو کارە مافێکی دەستوورییەو بە لۆژیکی ڤیتۆو فشار ڕێگەی لێناگیرێت.
ڕوکابی؛ لەپەیامێکدا دەڵێت: کاندیدکردنی مالیکی بۆ سەرۆکایەتیی وەزیران مافێکی ڕەواو دەستوورییە، ناکرێت لەڕێگەی گووشار یا هەڵمەتی چەواشەکارییەوە دەستی بەسەردا بگیرێت.
ڕوونیشیکردەوە: پرۆسەی قبوڵکردن یا ڕەتکردنەوە دەبێت بەپێی ڕێکارە سیاسی و دەستوورییەکان بێت، نەک بەلۆژیکی ڤیتۆ یا کردنی بەئامانجی کەسی.
جەختیشیکردەوە: ڕێزگرتن لەدیموکراسی لەڕێزگرتن لەمافی کاندیدکردن دەستپێدەکات، جا هەڵوێستەکان هەرچۆنێک بن.
سەرکردەیەکی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگیش لەلێدوانێکدا بۆ کەناڵی سکای نیوز ڕایگەیاند: چوارچێوەکە بڕیاری کۆتایی خۆی داوە بەکاندیدکردنی مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق.
دەشڵێت: گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی مافی دیاریکردنی کاندیدی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران هەیە، دەستوەردانی ئەمریکا لەکاروباری ناوخۆیی عێراقدا قبوڵکراو نییە.





