کوشتنی حەسەن
Plus4
پێش 5 کاتژمێر

مافی مرۆڤى هەرێم لەسەر کوشتنی حەسەن ڕەحمان هاتە دەنگ و دەڵێت نابێت چەک دژی هاووڵاتی بەکاربهێنرێت

 

مافی مرۆڤى هەرێم ڕایگەیاند: بەتووندی ئیدانەی و کوشتنی ئەو هاووڵاتییە دەکەین‌ و نابێت دەزگاکانی ئەمنی چەک بەرامبەر خەڵک بەکاربهێنن.

 

کەمێک بەر لەئێستا، دەستەی مافی مرۆڤى هەرێم، لەسەر کوشتنی حەسەن ڕەحمان، لەلایەن جێگری بەڕێوەبەری ئاسایشی سۆرانەوە لەڕاگەیاندراوێکدا دەڵێت: دوای ئەوەی ژمارەیەک هاووڵاتی سنووری وەرتێ لەسنووری ڕوواندز بۆ داواکردنی چەند خزمەتگوزارییەکی وەک ئاو و کارەبا دێنە سەرشەقام‌ و گردبوونەوە ئەنجامدەدەن، لەلایەن هێزێکی ئاسایشی ناوچەکە تەقەیان لێدەکرێت ‌و دەبێتە هۆی کوژرانی هاووڵاتییەک ‌و برینداربوونی سێ هاووڵاتیی تر.

 

دەستەکە دەڵێت: لەنزیکەوە بەدواداچوونمان بۆ ڕووداوەکە کردو دوای وەرگرتنی زانیاریی زیاتر لەلایەنە پەیوەندیدارەکانی ناوچەکە، بەڵام تائێستا هیچ وەڵام ‌و زانیارییەکمان لەسەر ڕووداوەکە بڵاونەکردووه‌تەوە.

 

بەپێی ڕاگەیاندراوەکە: بەتووندی ئیدانەی بەکارهێنانی چەک‌ و کوشتنی ئەو هاووڵاتییە دەکەین‌، بەداخەوەین بۆ ئەو ڕووداوەو نابێت دەزگای ئەمنی بەهیچ شێوەیەک چەک بەرامبەر خەڵک بەکاربهێنن، چوونکە ئەرکیان پاراستنی سەروماڵی گشتی‌ و هاووڵاتیانە.

 

دەستەی مافی مرۆڤ داواش ده‌كات هەرچی زووە تۆمەتبار ڕادەستی یاساو دادگا بکرێت ‌و بە سزای خۆی بگات، پشتیوانی هەر داواکاریی ‌و گردبوونەوەیەکیش دەکەین بۆ دابینکردنی مافی هاووڵاتیان کە داوایدەکەن لەچوارچێوەی یاساو ڕێنماییەکان ‌و پێویستە هەرچی زووە بەدواداچوون بۆ داواکاریەکانی ئەو خەڵکە بکرێت.