ئاژانسی هەواڵی plus4
پێش ٢ هەفتە
سەرۆکی دەزگای شەهیدانی عیراق ئاشکرایکرد: تەنها دوو توێژ لەهەرێمی کوردستان ،یاسا نوێیەکەی شەهیدانی عێراق دەیانگرێتەوە.
عەبدولئیلا نائیلی سەرۆکی دەزگای شەهیدانی عێراق جەختیکردەوە: ئەو پێشمەرگە شەهیدانەی لەناوچە جیناکۆکەکان یا دەرەوەی سنووری هەرێمی کوردستان شەهیدبوون، یاسای شەهیدانی عێراق دەیانگرێتەوە.
ڕوونیشیکردەوە: سەرجەم ئەو پێشمەرگانەی لەسنووری پارێزگاکانی کەرکوک و دیالەو سەڵاحەدین و پارێزگاکانی تری عێراق شەهیدبوون و ئەوانەش کە لەوەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناویان تۆمار نەکراوە، یاساکە دەیانگرێتەوە.
وتیشی: لەگەڵ وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێم هەماهەنگیمان کردووە، بەمەبەستی ڕاییکردنی مامەڵەی ئەو کەسانەی یاساکە دەیانگرێتەوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، ماوەیەک لەمەوبەر ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، یاسای دامەزراوەی شەهیدانی عێراقی هەموارکردەوە.
بەپێی یاساکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سەرجەم ئەو پێشمەرگانەی لەسنووری ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم شەهیدبوون، بەشێوەیەکی فەرمی وەک شەهید لەدامەزراوەی شەهیدانی عێراق ناسێندران، بۆ ئەو مەبەستەش کەسوکاری ئەو شەهیدانە، هاوشێوەی تەواوی شەهیدانی عیراق هەموو جۆرە ئیمتیازاتێکیان دەبێت و لەسەرجەم ئەو ئیمتیازاتانە سوودمەند دەبن کە کەسوکاری شەهیدانی عێراق لێیان سوودمەندن.