
plus4
پێش ساڵێک
درەنگانی ئەمشەو چوارچێوەى هەماهەنگى کۆبوونەوەیەکى ئەنجامداو دوای کۆبوونەوەکەش لەڕاگەیاندراوێکدا پشتگیریی خۆی بۆ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دووپاتکردوەو ڕایگەیاند: داواکارین سەرجەم لایەنەکان بەڕێزو پێزانینەوە پابەندى بڕیارەکانى دادگای فیدراڵی و سەرۆکەکەی بن.
چوارچێوەی هەماهەنگی لەبەیاننامەکەدا جەخت لەسەر گرنگیی پابەندبوونی سەرجەم لایەنەکان بەبڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی عێراق دەکاتەوە.
لەبەیاننامەکەدا هاتووە: جەخت لەگرنگیى پابەندبوون بەجیاکردنەوەى دەسەڵاتەکان دەکەینەوە، نابێت هیچ دەسەڵاتێکیش زیادەڕەوى بکاتە سەر دەسەڵاتێکى تر، ئەمەش لەپێناو دروستکردنی هاوسەنگیى دەستووری، بۆ پاراستنى دەستوور لەدەرکردنى بڕیارو جێبەجێکردن و چاودێرى.
چوارچێوەی هەماهەنگی دەڵێت: بەڕێزو پێزانینەوە لەکارەکانى دادگاى باڵاى فیدراڵىی عێراق و سەرۆکەکەى دەڕوانین و داواش دەکەین هەمووان ڕێز لەبڕیارەکانى دادگا بگرن و لەگرنگییەکەى کەم نەکەنەوە.
وەک پەیامێکیش بۆ نەیارانی بڕیارەکانی دادگاکە، بەیاننامەکە دەڵێت: پێویستە سەرجەم لایەنەکانى چوارچێوەى هەماهەنگى پابەندى بڕیارەکانى دادگاى فیدراڵى بن، گەر هاتوو لەبەرژەوەندیشیاندا نەبووبێت، ئەمەش تەنها لەچوارچێوەى پابەندبوونە بەڕێزگرتن لەدەسەڵاتى دادوەرى و دەستوورى لە عێراقدا.