PLUS4
پێش 10 مانگ
لە چەند رۆژی ڕابردوودا ھەندێک لە ژنەکانی ئەبو بەکری بەغدادی و یەکێک لە کچەکانی لەسەر شاشەی تەلەفیزیۆنی ئەلعەرەبییەوە، دیوی ناوەوەی ژیانی ئەم خەلیفە تازەیەی موسڵمانەیان ئاشکراکرد.
ئاشکراکردنی ئەم دیوە نەناسراوەی ژیانی ئەبوبەکری بەغدادی تەنھا ئاشکراکردنی ژیانی تاکەکەسێکی ئیمانداریی توندڕەو نییە، بەڵکو بەرجەستەکردنی بڕێکی زۆری پرۆژە دینیی و سیاسییەکەی داعش و بڕێکی زۆری ئەو ڕوانین و تێگەیشتن و عەقڵەیەتانەشە، کە لە خوێندنەوەیەکی تایبەتی چییەتی ئیسلامەوە وەک دین، دروستدەبێت. چیرۆکەکانی ئەم خەلیفە تازەیە دەروازەیەکە زۆرشتمان لەسەر ئەو تێگەیشتنە ترسناکە بۆ ئیسلام پێدەڵێت، کە ئەمرۆ لەزۆر ناوچەی جیھاندا ئامادەیە.
بەر لە ھەمووشتێک ئەبو بەکری بەغدادی، چوار ژنی ھەبووە، ژنی سێھەمی تەمەنی تەنھا ١٤ ساڵ بووە، لەپاڵ ئەو چوار ژنەدا ٩ بۆ ١٠ سەبیەی ھەبووە، کە ھەموویان ئەو کچە منداڵە یەزدییانە بوون کە داعش لە پەلاماردانی ناوچەی سنجاردا گرتونی و وەک کۆیلەی سێکسی بەکاریھێناون. یەکێک لەو کچانە کە ئەبو بەکری بەغدادی وەک سەبیە ھەیبوە تەمەنی تەنھا ١٢ ساڵ بووە.
ئەوانیتریشیان ھەر لە تەمەنی منداڵەکانی خۆیدا بوون. لەمەش بترازێت بەغدادی کچەکەی خۆی، کە تەمەنی ١٢ ساڵ بووە، بەبێ ڕەزامەندی خۆی و دایکی بەشوو داوە بە کەسێک کە پاسەوانی شەخسی خۆی بووە. لە چاوپێکەوتنەکەدا کچەکەی دەڵێت من بەو شوکردنە رازی نەبووم، بەڵام ھیچم لەدەستنەدەھات، مەجبوربووم لەگەڵی بمێنمەوە.
بە شێوەیەکی گشتیی ئەم ژنانە بۆیان نەبووە لە ماڵ بچنەدەر، سەیری تەلەفیزیۆن بکەن، یاخود تەلەفۆنیان ھەبێت. ژنە ١٤ ساڵیەکەی بەغدادی کە ماوەی ٤ ساڵ ژنی بەغدادی بووە، بەدەگمەن نەبێت ماڵەکەی بەجێنەھێشتوە و دنیای دەرەوەی نەبینیوە.
لە تێگەیشتنی بەغدادیدا ھەم چوار ژنەکە و سەبایاکان خودا بۆی حەڵاڵ کردوە و قورئان مۆڵەتی ھەبوونیانی پێبەخشیوە، ھەم شێوازی مامەڵەکردنیشیان وەک ژن بەپێی رێنماییە ئاسمانییەکانی ناو قورئان بووە. ئەم تێگەیشتنە بۆ دین و بۆ خودا و بۆ ژن، لە دەرەوەی داعشیشدا، لە عەقڵی بەشێک لە موسڵمانانی تریشدا ھەن، بەتایبەتی لە عەقڵی ئەوانەدا کە خۆیان بە خوداناس و دینداریی ڕاستەقینە و پەیڕەوکەری ئەخلاقیاتی سەلەفی ساڵح دەزانن.
ئەوەی شوێنی سەرنج بوو لە قسەی ژن و کچەکانی بەغدادیدا ھەمویان وەک ژن قسەیان دەکرد، نیشانیانئەدا کە ھەم مەسەلەی ھەبوونی ٤ ژنیان زۆر پێناخۆشبووە، ھەم ئامادەگیی ئەو ھەموو سەبایا دیلانەی کە ھەیانبووە. رەنگە یەکێک لە ڕستە ھەرە گرنگەکانی ناو قسەکردنی ژنەکانی ئەبوبەکر بەغدادی ئەو رستەیە بێت کە ژنی یەکەمی وتی: ”ئەو دەوڵەتەی دروستکرابوو دەوڵەتی ئیسلام نەبوو، بەڵکو ”دەوڵەتی ژنان" بوو".
لە ڕاستیدا ژن و سێکس بەشێکی بنەڕەتیی و سەرەکیی سەرجەمی ئەزموونە سیاسیی و دینییەکەی داعش بوو وەک ھێزێکی سەلەفی جیھادی، ھاوکات بەشێکی سەرەکیی ئەزموونی ئەو ھێزە ئیسلامییانەی تریشە کە لێکچونێک لەنێوان تێگەیشتنی داعشدا بۆ ئیسلام و تێگەیشتنی ئەواندا بۆ ئیسلام، ھەیە و لە ئارادایە.
بەر لە ھەمووشتێک ئەوەی گەنجانی لە زیاد لە شوێنێکی دنیاوە بۆناو ریزەکانی داعش رادەکێشا، لەپاڵ دیدگایەکی توندرەوانەدا بۆ ئیسلام، بوونی ئەو ژمارە گەورەیە لە ژنان و کچان بوو کە داعش کۆیکردبوونەوە و جەنگاوەرەکان دەیانتوانی بە ئاسانی بیانھێنن و بە ئاسانیش لێیان جیاببنەوە، بۆ ئەوەی جیھادیستێکی تر بیانھێنێت و ئەویش دواتر لێیان جیاببێتەوە. ھەندێکجار تەمەنی ھەندێک لەم ژنھێنان و جیابوونەوانە مانگێک یان کەمتریش بووە. فرەژنی و ئاسانی ھێنان و تەڵاقدان، مولکی یەمین و سەبایا و ھتد، بەسەریکەوە لەناو داعشدا شتێکی لە فۆرمی ”پیشەسازی سێکس" دا دروستکردبوو.
بازاری کڕین و فرۆشتنی سەبایە لە برەودابوو. بە پێی ھەندێک سەرچاوە ٨٠ لە سەدی ئەو ژن و کچە یەزیدییانەی کە داعش دیلی کردبوون وەک موڵکی شەخسیی داعشەکان مامەڵەکراون و سەبایای خاوەنەکانیان بوون. ئەمانە بە مەبەستی بەکارھێنیان بۆ سێکس کڕین و فرۆشتنیان پێوەکراوە. ئەو ٢٠ لەسەدەی تریان موڵکی دەوڵەتی خەلافەتەکە خۆی بووە و ناردونی بۆ کەمپی چەکدارە جیھادیستەکان لە عێراق و سوریادا بۆ تێرکردنی خواستە سێکسییەکانیان.
بە کورتییەکەی پیشەسازیی سێکس، کە فۆرمە سەرەکییەکەی فۆرمی توندوتژیی سێکسیی بووە، ئیتر چ لە فۆرمی سەبایادا بێت یان لە فۆرمی ھەبوونی ٤ ژندا، یان ھەر فۆرمێکی دیکەدا، دیاردەیەکی لاوەکیی ناو ئەزموونی دینیی و سیاسیی داعش نەبووە و نییە. مەسەلەکە کورتنابێتەوە بۆ گرێدانی ئەو ھەڵسوکەوتانە بە دۆخی شەڕەوە بە تەنھا. راستە لەزۆربەی جەنگەکاندا دەستدرێژی سێکسی دروستدەبێت. چونکە جەنگ رێگرە ئەخلاقیی و ئینسانیی و کۆمەڵایەتییەکان لاوازدەکات، یان تەواو لەناویاندەبات و دۆخێک دروستدەکات بەکارھێنانی توندوتیژیی بەگشتیی ببێت بە دیاردەیەکی ئاسایی، لەناویشیدا توندوتیژیی سێکسیی.
بەڵام ئەمە تاکە ھۆکاری دەستدرێژیکردنی سێکسی لەناو داعشدا نەبووە. وەک ووتم سێکس یەکێک لە ئامرازە گرنگەکانی راکێشانی گەنجان و پیاوانی موجاھید بووە، بۆناو ریزەکانی خەلافەتەکە بەشێک بووە لە سیاسەتی جۆش و خرۆشدان و قورمیشکردنی دینیی و سیاسیی ئەم ھێزە. سێکس و ژن لەناو داعشدا بەشێکبوون لەو خزمەتگوزارایی و پاداشتانەی ئەم ھێزە پێشکەشی موجاھیدەکانی کردوە.
لەسەرێکی دیکەوە بەکارھێنانی ژن و کچ وەک غەنیمەی جەنگ و کردنیان بە سەبایا یەکێکبووە لە باوەرە دینییەکانی داعش خۆیشی، لەمەشدا بۆ ھەندێک سورەت و ئایەتی ناو قورئان و ھەندێک لە قسەکانی پێغەمبەر گەراونەتەوە. باوەڕیشیان بەوەبووە یەکێک لە ھۆکارەکانی زیادبوونی داوێنپیسی لە کۆمەڵگا موسڵمانەکاندا نەمانی سەبایا و کۆیلایەتی سێکسییە.
ھاوکات دەستدرێژی سێکسیی ئامرازێکی ستراتیژیش بووە بۆ ئیھانە و زەلیلکردنی ئەوانەی داعش بە بێدین و کافر، ناونووسی کردون. لە گێڕانەوەی ھەندێک لەو کچە یەزیدییە ئازایانەدا کە چیرۆکی بە کۆیلەبوونی سێکسیی خۆیان بۆ دونیا گێراوتەوە، لەوانەش ھەندێکیان کە تەمەنیان تەنھا ١٢ ساڵ بووە، باس لەوەدەکەن ئەو موجاھیدانەی تەعەدای سێکسیان لێکردون، ھەم کەسانێکی زۆر بەتەمەنتر بوون، ھەم پێش تەعەداکردنەکەیان نوێژیان کردوە و شوکری خوایان کردوە.
بۆ کچە یەزیدییە تەعەدا لێکراوەکانیشیان روونکردۆتەوە، کە کردەی تەعەداکردنەکە، ئەوان وەک موجاھید لە خودا نزیکتر دەکاتەوە و دەیانکاتە موسڵمانێکی ڕاستەقینە.
ھەموو ئەمانە وایانکردوە مەسەلەی سێکس لەناو داعشدا مەسەلەیەکی لاوەکی نەبێت، بەڵکو مەسەلەیەکی تەواو رێکخراو و بە دەزگایی و بە بەبازاڕکراو بێت. سەرچاوەیەکی گرنگی شەرعیەتی سیاسیی و دینیی سەرجەمی پرۆژەی خەلافەتەکەیان بێت.
بە کورتییەکەی گرێدانی دین بە سێکس و بە فرەژنیی و بە سەبایاوە یەکێک بووە لە ستراتیژیەتە سەرەکییەکانی کارکردنی داعش. سێکس و سەبایا و فرەژنی بەشێکبوون لەو خزمەتگوازرییە سەرەکییانەی کە سیستمی خەلافەتەکە پێشکەشی موجاھیدەکانی کردوە. ھەموو ئەمانەش وەک بەشێک لە گەڕانەوە بۆ ئیسلامی راستەقینە و وەک تاکە لێکدانەوەیەکی راستەقینەی قورئان و سونەتی پێغەمبەرەکەی ئیسلام، نیشانداوە.
یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی پاراستنی دینەکە و دروستکردنی خەلافەتەکە، زیندوکردنەوە و بەرزراگرتنی مەسەلەی سەبایا و کۆیلایەتی سێکسیی و فرەژنیی و بازاری کڕین و فرۆشتنی سێکس بووە.