nergz qadr
نێرگز قادر
berî 1 roj

 

لە ٨ی مارس، ڕۆژی نێودەوڵەتی ژنان، کاتێکی گرنگە بۆ ئەوەی جارێکی تر پرسیار لەسەر پرۆژەی شەڵتەری ژنان لە حكومەتی كەركوك بکرێت؛ ئەو پرۆژەیەی کە بیناکەی لە ماوەی چەندین ساڵی ڕابردوودا تەواو کراوە، بەڵام هێشتا دەرگاکانی بۆ ژنان نەکراونەتەوە.
 

ئەوەی جێی داخە، ئەوەیە کە بەهۆی بیرتەسکی و دواکەوتنی هەندێک بەرپرسی ناحکومی و ململا‌نێی ناوخۆیی، ئەم پرۆژە گرنگە هێشتا لە چاوەڕوانیی جێبەجێکردندایە، لە کاتێکدا پێویستی پێی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبێت. 

 

ژنانێک لە کەرکوک هەن کە لە کاتی کێشەی خێزانی و توندوتیژییەکاندا هیچ پشتگیرییەکیان نییە و ناچار دەبن بکەونە سەر شەقام، یان ڕوو لە شارەکانی هەرێم بکەن، لە کاتێکدا زۆرجار لەوێش وەریان ناگرن و بێ شوێن دەمێننەوە.

 

ئامانجی داواکاری کردنەوەی ئەم شەڵتەرە هەرگیز تێکدانی خێزان نییە؛ بەڵکوو هەوڵێکە بۆ پاراستنی ژنانێک کە لە ساتی مەترسیدا پێویستیان بە شوێنێکی ئارام و پارێزراو هەیە تا چارەسەرێکی یاسایی و کۆمەڵایەتی بۆ کێشەکانیان بدۆزرێتەوە.

 

بۆیە لە ٨ی مارسدا داوا لە پارێزگاری رێبوار تەها دەکرێت بەدواداچوونی ڕاستەوخۆ بۆ کارەکانی ئەم پرۆژەیە بکات و ڕێگا بۆ کردنەوەی ئەو شەڵتەرە خۆشبکات؛ چونکە پاراستنی ژن پاراستنی کۆمەڵگایە، و ئەو شوێنە پەنایە بۆ ژنانی بێپشت، نەک هۆکارێک بۆ دابڕانی خێزان.

 

لە کاتێکدا هەموو جیهان لە ٨ی مارسدا باس لە مافی ژن دەکات، کەرکوکیش پێویستە هەنگاوێکی کرداری بنێت، چونکە هەندێکجار ژن تەنها پێویستی بە وتەی جوان نییە، بەڵکوو پێویستی بە دەرگایەکی کراوە هەیە کە لە پشتیدا ئارامی بدۆزێتەوە.