plus4
berî 30 deqîqe
پردێ؛ شەوان لەنێوان هەڕەشە و ترسدا دەژین
رۆژنامەنوس نێرگز قادر
لە پردێ و گوندەکانی دەوروبەری، کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی داعش بە مانای کۆتایی هاتنی ترس نەبووە، ئەوەی دانیشتووانی ناوچەکە دەیگێڕنەوە، تەنها نیگەرانی نییە؛ بەڵکو بەشێکە لە ژیانی رۆژانەیان.
بەپێی قسەی خەڵکی ناوچەکە، چەکدارانی د١١عش شەوان دەچنە ناو مزگەوتەکان و بەرد فڕێ دەدەنە سەر ماڵەکان تا خەڵک دەرچن.
داوای نان، خواردن و پێداویستییان لێ دەکەن؛ ئەگەر پێیان نەدرێت، هەڕەشەیان لێ دەکەن. ئەمە ئەو ڕاستییە تاڵەیە کە خەڵک بە ترسەوە باسی دەکەن.
من خەڵکی ئەم سنورەم و حەق بە خۆم دەدەم دەنگی ئەو خەڵکە بگەیەنم.
چۆن داوا لە دانیشتووان بکەین سکاڵا بکەن و زانیاری بدەن، کاتێک دەترسن دوای ڕۆیشتنی هێزە ئەمنییەکان، جارێکی تر ڕووبەڕووی هەڕەشە ببنەوە؟
بێدەنگیی ئەوان ڕەزامەندی نییە؛ ئەنجامی ترسێکە کە ساڵانێکە لەگەڵیدا ژیاون.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، دوای چونی هێزە ئەمنییەکان بۆ پردێ، دوو گەنجی کورد گیانیان لەدەست دا. خێزانەکانیان و هەموو دانیشتووانی ناوچەکە مافی ئەوەیان هەیە بزانن چی ڕوویداوە.
داوای لێکۆڵینەوەیەکی ڕوون و بەرپرسانە دەکەین، هەروەک داوای ئەوەش دەکەین گیانی خەڵکی مەدەنی لە هەر هەنگاوێکی ئەمنییدا بخرێتە پێشەوە.
هێزە ئەمنییەکان دەبێت بزانن سکاڵای خەڵک تەنها کاتێک دەگاتە دەستیان کە خەڵک هەست بە پاراستن بکەن.
ڕێگایەکی نهێنی و دڵنیا بۆ گەیاندنی زانیاری، و پاراستنی بەردەوامی ئەو گوندانە، پێویستییەکی فریاکەوتنە؛ چونکە خەڵک ناتوانن بە ڕۆژ زانیاری بدەن و بە شەو بە تەنها لەگەڵ هەڕەشەدا بمێننەوە.
پردێ تەنها ناوچەیەک لەسەر نەخشە نییە. جێی نیشتەجێبونی خەڵکێکە کە شەوان گوێیان لە دەنگی بەردی سەر دەرگاکانیانە و نازانن ئەمجارە داوای خواردنیان لێ دەکرێت یان هەڕەشە.
ئەم خەڵکە مافی ئەوەیان هەیە بە ئارامی لە ماڵەکانیاندا بژین. دەنگیان ببیستن، پێش ئەوەی کارەساتی گەورەتری لێ بکەوێتەوە.




