plus4
پێش ٢ ساڵ
راگەیەندراوێك لە سەركردایەتیی كەركوك-سەڵاحەدینی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە سەبارەت بە پۆستی پارێزگاری كەركوك
ئەمڕۆ كاندیدێكی پێكهاتەی عەرەب لە پەرلەمانی عیراق سوێندی یاسایی خوارد لە بری پارێزگاری بە وەكالەتی كەركوك. ئەم پڕۆسەیە لە لای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان روونە كە چۆن ئەم پیلانگێڕییە داڕێژراوەو بەرنامەی بۆ دانراوە، مەبەست لێی مانەوەی راكان جبورییە وەك بەشێك لە برەودان بە سیاسەتی بەعەربكردنی كەركوك؟! ئەوەی جێگەی نیگەرانییە بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و خەڵكی كەركوك، ئەوەیە كە پارتی دیموكراتی كوردستان بەشێكە لەو هاوپەیمانێتییەی كە پاڵپشت و بەرنامەداڕێژەری مانەوەی راكان جبورییە لە پۆستەكەی دا!
لەم سۆنگەیەوە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە هەموو لایەكی رادەگەیەنێت كە پۆستی پارێزگاری كەركوك ئیستحقاقی نەتەوەی كوردە، هەروەها لەگەڵ هەموو هێز و لایەنە تێكۆشەرەكانی كوردستان بەردەوام دەبێت لە هەوڵ و كۆششەكانی بۆ دەستەبەركردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك، و بە هیچ شێوەیەك سازشی لەسەر ناكات!
هەروەها لێرەوە رایدەگەیەنیین هیچ لایەنێك مافی ئەوەی نییە بەم شێوەیە بچێتە ناو پیلانگێڕییەكان دژ بە كەركوكییەكان و دانوستاندن بكات بۆ مانەوەی راكان جبوری لە پۆستی پارێزگاری كەركوك!