اسؤ
PLUS4
پێش ٢ ساڵ

لە یادی (٣٢)مین ساڵەی راپەڕینی خەڵکی کوردستان ئاسۆ مامەند پەیامێک بڵاو دەکاتەوە

دەقی پەیامەکە..

کوردستانییانی خۆشەویست..!

کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان..!

جەماوەری خۆڕاگری کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان..!

 

(٣٢) ساڵ لەمەوبەر و لە رۆژی (٥)ی ئاداری ساڵی١٩٩١دا، یەکەمین چەخماخەی راپەڕین لە رانیەی دەروازەوە کڵپەی سەند و دواتر زۆربەی شار و شارۆچکەکانی کوردستانیی گرتەوە بە کەرکوکی قودسی کوردستان-یشەوە!

 

لەو راپەڕینە مەزنەدا؛ جەماوەر و پێشمەرگە بە یەکەوە دەسەڵاتە فاشی و سەرکوتکارەکەی بەعسیان راماڵی، و چیتر رێگەیان نەدایەوە جارێکی تر ئەو سیستمە فاشیست و خوێنڕێژە حوکمی کوردستان بکاتەوە.

 

جێی خۆیەتی لەم بۆنە مێژووییەدا قوربانییەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هێزە ئەمنییەکان بەرزبنرخێنین کە بەوپەڕی قارەمانێتییەوە بەرگری لە خەڵکی کوردستان و دەستکەوتەکانی راپەڕین دەکەن. شەڕی رووبەڕووبوونەوەی داعش ئەو راستییەی بۆ دونیا سەلماند کە پێشمەرگەی کوردستان چەند هێزێکی تۆکمە و نیشتمانییە و بەبێ جیاوازی پێکهاتەکانی کوردستانیی لە مەترسی و هەڕەشەکانی ئەو تاقم و گروپە تیرۆریستییە پاراست. ئەم ئازادییەی ئەمڕۆش کە بەدییهاتووە بەری رەنج و قوربانیی شەهیدان، و پێشمەرگە دێرینەکان، و زیندانییانی سیاسی، و کەمئەندامانی سەنگەر، و رێکخستنە نهێنییەکان، و تەواوی میللەتەکەمانە، لەو سۆنگەیەوە دەبێ پارێزگاری لێبکەین و رێگە بە هیچ هێز و لایەنێک نەدەین ئەم ئەزموونەی کە ماوەی (٣٢) ساڵە بەدەستهاتووە، بکەوێتە بەر هەڕەشە و مەترسی لەناوچوون.

 

جەماوەری کۆڵنەدەری کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان..!

 

ئەم ساڵ لە بارودۆخێکدا یادی راپەڕینە مەزنەکەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکەینەوە، کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان رووبەڕووی نادادی و پەراوێزخستن بووەنەتەوە، لەم سۆنگەیەوە لەسەر حکومەتی فیدڕاڵ پێویستە کە بە ئەرکە یاسایی و دەستوورییەکانی خۆی هەڵبستێ، و ئەو نادادی و پەراوێزخستنەی کە ماوەی چەند ساڵێکە روووبەڕووی میللەتەکەمان بووەتەوە هەڵبگرێ، و بە گوێرەی سەنگ و پێگەی خۆی و لەبەر رۆشنایی مادەی (١٤٠)ی دەستوور و ئیستحقاقە نەتەوەییەکان مامەڵەی لە تەکدا بکات، و مافە دەستووری و یاساییەکانی بۆ بگێڕێتەوە.

 

هاووڵاتییانی ئازیزی کوردستان..!

 

ئێمە زۆر باش دەزانیین کە گیروگرفت و ناحەقی زۆر لە بەشێکی سێکتەرەکانی بەڕێوەبردنی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستاندا بەرامبەر بە هاووڵاتییان و ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە، هەروەها هەتا دێ ناڕەزایی لە شێوازی بەڕێوەبردنی حکومڕانی هەرێمدا بەرەو هەڵکشان دەچێ، و بارودۆخی دارایی و پژێوی هاووڵاتییان تا دێ خراپ تر دەبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەستکەوتەکانی راپەڕین کە بایەخی مێژووییان هەیە، وێستگەیەکی گرنگ و پریشنگدارن لە خەباتی نەتەوەکەماندا، بۆیە ناکرێ بەهۆی مامەڵەی خراپی چەند کەس و لایەنێک لە شێوازی بەڕێوەبردن؛ ئەو دەستکەوتە گرینگ و مێژووییانە نادیدە بکەین، بەڵکو دەبێت بە هەموو لایەکمانەوە هەوڵی راستکردنەوەی رێڕەوی ئەم حکومڕانییە بدەین، و خێر و بێری هەرێمەکە بۆ خەڵکی هەرێمەکە بێت، و بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دانیشتوانەکەی لێی سوودمەند بن.

 

کوردستانییانی خۆشەویست..!

 

بە پێویستی دەزانیین ئەم بۆنەیە بکەینە دەرفەتێک بە ئاراستەی یەکخستنی تواناکان بە ئامانجی یەکدەنگی و یەک گوتاری و پتەوکردنی ریزی کوردایەتیی، چونکە ئەو ئاڵنگاری و مەترسییانەی کە لە ئێستادا و بۆ داهاتووش رووبەڕووی قەوارەکەمان دەبێتەوە کەم نیین و نابێت نادیدەیان بکەین، لەم سۆنگەیەوە دەبێت؛ سەرجەم حزب و لایەنە ساسییەکانی کوردستان بەبێ جیاوازی پێکەوە روووبەڕووی ئەم بارودۆخە نەخوازراوە ببینەوە و خۆمان بۆ قۆناخێکی تازەی دەوڵەتدارێتی کە پایەکانی لەسەر سێکوچکەی دەوڵەتی هاووڵاتیی بوون و خزمەتگوزار و دادپەروەر بنیاد بنرێ!

 

لە یادی راپەڕیندا..

 

سڵاو لە گڵکۆی شەهیدان، سەربەرزی بۆ کەسوکارە تێکۆشەرەکانیان..!

سڵاو.. لە پێشمەرگە، پارێزەری کوردستان..!

بۆ پێشەوە.. بەرەو بەدیهێنانی یەکجارەکی ئامانجە باڵاکانی راپەڕین!

 

ئاسۆ مامەند

کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان