plus4
پێش ٢ ساڵ
پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق چەقی بەستووە و تادێت دۆخەكە ئاڵۆزدەبێت، بەشێك لەكوتلەكانی پەرلەمان پێیان وایە تەنها بەهەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنەكە ئەو گرێ كوێرە دەكرێتەوە و بەشێكیش چاوەڕێی دەستپێشخەرییە بۆ دەرچون لەو گێژاوە.. لەهەردوو حاڵەتەكەشدا پێناچێت بتوانرێت لەوادەی خۆیدا سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرێت.
فەرهاد عەلائەدین سەرۆكی ئەنجومەنی راوێژكاریی عێراق لەتویتێكدا رایگەیاندووە، بەبێ رێكەوتنی نێوان رەوتی سەدڕ و چوارچێوەی هەمەهەنگی ئەوە رێژەی یاسایی دانیشتنەكەی شەممەی داهاتوو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار تەواو نابێت.
پێشبینیش دەكات لەدانیشتنەكەدا20 -30 پەرلەمانتار ئامادە نەبن بەهۆكاری جیاواز لەوانە (گەشتكردن، نەخۆشی، كۆڕۆنا، تێكچونی ئۆتۆمبێل، دووگیانی هاوسەرەكانیان و مردنی پوریان ).
رونشیدەكاتەوە، چوارچێوەی هەمەهەنگی ( 87 كورسی ) یەكێتی ( 18 كورسی ) عەزم ( 13 كورسی ) بایكۆتی دانیشتنەكە دەكەن، هەر بۆیە لەباشترین حاڵەتدا 191 پەرلەمانتار ئامادەی دانیشتنەكە دەبن.
ڤیان سەبڕی سەرۆكی كوتلەی پارتی لەپەرلەمانی عێراق لەمیانی بەشداریكردنی لەبەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند: ئەگەر سەرۆك كۆمار لەدانیشتنەكەی رۆژی شەممە 26ی مانگ هەڵنەبژێردرێت ئەوە هیچ بژاردەیەكی دیكە نیە جگە لەهەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و بانگەوازكردن بۆ هەڵبژاردنێكی پێشوەختەی نوێ.
دوێنێ سەركردەكانی چوارچێوەی هەمەهەنگی كۆبونەوە، ئەوان لەدوایین بەیاننامەیاندا دەڵێن " لەلای چوارچێوەی هەمەهەنگی پرسی دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن نیە و پێشوازی لەهەر دەستپێشخەریەك دەكەن بۆ كۆتایهاتن بەقەیرانی سیاسی "
بەپێی بەیاننامەكە، هیچ قسەیەكیان لەسەر كاندیدەكەی سەدر بۆ سەرۆكایەتی حكومەت نیە بەڵام داوا دەكەن میكانیزمی پێشكەشكردنی كاندیدەكە هەمواربكرێتەوە، واتا كاندیدی كوتلەی پەرلەمانی گەورە بێت، ئەو خاڵەش تاوەكو ئێستا سەدڕ رەتیدەكاتەوە.