plus4
پێش ساڵێک
به‌داخه‌وه له‌رۆژی ئاڵای كوردستان لێره كۆبووینه‌ته‌وه ماڵئاوایی له برای ئازیزمان كاك ئاكام بكه‌ین، شه‌هید ئاكام كورد بوو، پیاوێكی به‌دین بوو، شه‌ڕی بۆ كوردستان و میللـه‌ته‌كه‌ی و حزبه‌كه‌ی كرد، كاك ئاكام هیچی نه‌ده‌ویست جگه له به‌رگریكردن له خاكی كوردستان و به‌ره‌وپێشبردنی هێزی پێشمه‌رگه، ده‌یویست شه‌ڕی دوژمنه‌كانی كوردستان بكات، ده‌یویست یه‌كڕیزی كورد دروست ببێت، ده‌یویست ژیانی میلله‌ته‌كه‌مان باشتر بێت، گه‌وره‌ترین قوربانیشی بۆ ئه‌م بیروبۆچوونانه‌ی خۆی دا.
شه‌هید ئاكام به‌و ته‌مه‌نه گه‌نجه‌وه توانی هێزێكی بچووك بكاته ئه‌م هێزه‌ی ئێستای كۆماندۆی كوردستان، ئه‌و هێزه‌ی كه هه‌موو نه‌یار و دوژمنه‌كانمان لێی تۆقیون.
شه‌هید ئاكام به‌شێكی سه‌ره‌كی بوو له شه‌ڕی داعش و رێكخستنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه و دروستكردنی ئه‌و په‌یوه‌ندییه تایبه‌ته‌ی له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كانمان هه‌مانه، هه‌روه‌ها رۆڵێكی زۆر گرنگیشی هه‌بوو له رێكخستنه‌وه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان.
كاك ئاكام یه‌كێك بوو له‌وانه‌ی كه توانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بگه‌ڕێنێته‌وه سه‌ر رێبازه‌كه‌ی جه‌نابی مام جه‌لال، ئه‌و یه‌كێتیه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌توانێت یارمه‌تی عیراق و یارمه‌تی كوردستانی عیراق بدات و به پشتیوانی‌تان یارمه‌تی خوشك و براكانمان بدات له هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان.
كاك ئاكام ئازا و به‌وه‌فا بوو، پیاوێكی به‌دین بوو، ئێمه هه‌موومان موسوڵمانین، هه‌رچه‌ند دڵمان گران بێت، ده‌بێت شانازی به‌وه‌وه بكه‌ین كه به پاكی و سه‌ربه‌رزی گه‌ڕایه‌وه‌ی بۆلای خوای گه‌وره.
وه‌كو هێزی كۆماندۆ و دژه‌تیرۆر و پێشمه‌رگه، به‌ڵێنمانداوه به كاك ئاكام وه‌كو ئه‌و به رۆح و خوێنمان به‌رگری له كوردستان بكه‌ین، لێره‌دا به‌ڵێن به خه‌ڵكی كوردستانیش ده‌ده‌ین، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان قوربانی زۆری داوه بۆ ئازادی و مافی چاره‌نوس و بۆ خاكه‌كه‌مان، هه‌زاران شه‌هیدمان داوه، كاك ئاكام یه‌كێكه له‌و شه‌هیدانه، هه‌رگیز ناهێڵین ناوی شه‌هیده‌كانمان وون بێت، ده‌بێت له‌و رێگایه به‌رده‌وامبین تا ده‌گه‌ینه ئامانجه‌كه‌مان .
شه‌هید ئاكام هێزی كۆماندۆی له‌خۆی زیاتر خۆشده‌ویست، لێره‌دا به‌ڵێن به هێزی كۆماندۆ ده‌ده‌م كه به‌هێزتر و گه‌وره‌تر ده‌بین و بۆپێشه‌وه ده‌ڕۆین و هه‌رگیز بۆ دواوه ناڕۆین، به‌ڵێن ده‌ده‌م كه به‌پشتیوانی جه‌نابتان، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هه‌موو هه‌وڵێك بدات تا ئه‌و كوردستانه دروست بكه‌ین كه كاك ئاكام خه‌ونی پێوه ده‌بینی .
بۆ بنه‌ماڵه‌ی كاك ئاكام و خزم و كه‌سوكاری، ئه‌و ئه‌ڵماسه‌ی كه ئێوه داتان به كوردستان، هه‌رگیز ناتوانین وه‌كو پێویست بێینه خزمه‌تتان، به‌ڵام تا یه‌كێتی مابێت له‌خزمه‌تی ئێوه‌دا ده‌بین.
براكه‌م كاك ئاكام، خوا وه‌كیله له شوێنێكی باشتر یه‌كتر ده‌بینینه‌وه