plus4
پێش ٢ ساڵ
مەکتەبی سیاسی یەکێتیی بەتوندی وەڵامی مەکتەبی سیاسی پارتی دایەوە لەبارەی قسەکانی جەعفەر شێخ مستەفا.
دەقی رونکردنەوەکە:
روونکردنەوەیەک لە مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە سەبارەت بە بوختاننامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی
مەكتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە رونكردنەوەیەکی چەواشەکارانەدا وەڵامی لێدوانە ڕاست و ڕەواکانی هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتیی داوەتەوەو زۆر بە پەلەپروزێ كەوتۆتە شێواندنی زەقی راستییەكان و تێكەڵكردنی کاغەزەکان بە جۆرێ نەك هەر هاوڵاتیانی كوردستان، بەڵكو خودی پارتییەكانیش، بڕوای پێناكەن.
لە رونكردنەوەكەدا گوایە باس لە پەراوێزخستنی حزبیی دەكەن، لە كاتێكدا یەكێتیی بەوە دەناسرێتەوە هەمیشە سەرکردە و تێكۆشەر و خەباتگێرەكانی پێشڕەو و سەرمەشقن لە سەنگەری بەرگری لە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و یەكێتیەكەیاندا.
رونكردنەوەکە تۆمەتی دواخستنی هەڵبژاردن دەخاتە ئەستۆی یەكێتیی، خەڵكی كوردستان زۆر لەوە وشیارترن باوەڕ بە بوختانی وا بکەن. ڕاستێکەی ئەوەیە کە پارتی دەیویست بەو یاسا كۆنەی هەڵبژاردن و تۆمارە پر خەوشەی دەنگدەران، بەبێ هەمواركردنەوەیەکی گونجاو، بچینە ناو پرۆسەیەکی شێواوی هەڵبژاردنەوە، كە تەنها و تەنها لەبەرژەوەندی پارتی و تەزویرە ئاشکرا و چەندبارە بووەکانیدایە.
ئاخر هەڵبژاردن لە بنچینەدا بۆ گۆڕانکاری سیاسیی و دیموکراسی ڕاستەقینە دەکرێت. کە ئەو ئامانجانە بەدینەهێنێت، ئەوا وەک تەسدیقکرنی بەرنامە تەزویرەکەیانە کە ئێستا بۆتە فەرهەنگێک نەک لە دژی فرەحزبی کوردستان، بەڵکو لە دژی خودی کۆنگرەی پارتی و ئەندامەکانیشی تەشەنەی سەندووە.
بەشێکی بەلاغەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی فرمێسکی تیمساحی بۆ ئایندەی هەرێم هەڵدەرێژێ و لە بیری دەباتەوە کە ئەوە پارتییە هەمیشە ئامادە بووە و ئامادەیە هەموو هەرێم و ئەزموونەكەمان بكاتە قوربانی بەرژەوەندی تەسکی حزبی و ئیمارەتێكی بەر تەسک بۆ مانەوەیان تا شتێك نەمێنێ بە ناوی هەرێم و حكومەت و ئیدارەی کوردستانییەوە، پیلان و کەینوبەینە ئیقلیمییەکانیان شاهیدی ئەوەن و لە هەر تەنگژەیەکی سیاسیشدا ویستی هەڕەشە ئامێزی ماڵجیایی هەمیشە بەشێک بووە لە پەیامی ئاشکرا و نهێنییان.
ئەم ڕاستییە ئاشکرایانە بە دەلەسەی گوایە کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی داناپۆشرێت، چونکە ناوخۆی پارتی و گرژی نێوان باڵەکانی وا زەقەکە کە ئێستا بۆتە مەترسی سەرباری ئەو مەترسییانەی پارتی بۆ کوردستانی دروستکردووە.
رونکردنەوەی بوختانئامێزی مەکتەبی سیاسیی پارتی باس لە ترسی دۆرانی هەڵبژاردن دەكات كە پارتی دەمێكە بەهای دیموکراسی لە هەڵبژاردنەکان دۆراندووە و ئەوە تەنها تەزویر و چاوسوركردنەوەیە ئەوانی لە گۆڕەپانی زۆرینەی ساختەی حوکمڕانیدا هێشتۆتەوە.هەروەها ئەوە پارتییە دوو چەمكی (مونافەسە و دوژمنایەتی) تێكەڵ كردووە، چونکە هەر حزب و لایەنێك نەچێتە ژێر ركێفی وەهمی حزبی قائیدەوە و مل بۆ خۆسەپاندنەکەیان نەدات بەدوژمنیان زانیووە و بە داتاشینی سینارێوی دەستكردی موخابەراتی و تەشهیری میدیایی تەخوینی دەکەن.
مەکتەبی سیاسی پارتی بە لوتبەرزییەوە دەڵێ: (ئێمە لەوە گەورەترین بچینە لای كەسی دیكە و گلەیی بكەین) ئەمەش هەمان فەرهەنگی عینادی و حیساب نەکردنە کە راوێژ و بیروڕا گۆڕینەوەی نێوان هێزەکانی کوردستانیشی پێ عەیبەیە، پێچەوانەی یەکێتی کە بۆ هەر هەنگاوێک بڕوای بە تەگبیر و راوێژ هەبووەو خۆی بە دوور گرتووە لە تاكڕەوی و خۆسەپێنی. راوێژی یەکێتی لەگەڵ هاوبەشەکانی ئەزموونی کوردستان بۆ سوڵح و شەفاعەت نەبووە لەگەڵ پارتیدا، بەڵكو بۆ خستنە رووی نیگەرانییەکانی هەمووان بووە لە ئەدای خراپی حوكمڕانی و تاكڕەوی پارتی تا هەموولایەک لە هەر هەڵوێستێكی یەكێتیی ئاگاداربن، ئەگەر کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەکان خراپە ئەی بۆچی دوای سەردانەكانی وەفدی یەكێتیی، تەنگەتاو بوون و گوایە (وەفدی حكومیان) پێكهێنا و لە دەرگای لایەنەكانیان دا؟.
بوختاننامەی مەکتەبی سیاسی پارتی باس لە كەیسی تیرۆركردنی شەهید (هاوكار جاف) دەكات، گوایە پێشوەختە ئاگاداری کردەوەکە بوون ئەی بۆچی هەوڵتان نەدا رێی لێ بگرن و فرمێسک و خوێنێک بۆ گەلەکەمان بگێرنەوە؟ یان ئەوە دەسەلمێنن كە رەنگە هەر خۆتان و كەسانی راكردوو لە یاسا کە داڵدەتان داون، بەرپرسن لەو رووداوە؟!، خۆ ئەگەر باسی تۆماری تیرۆر بکەین ئەوا پەرێزی مێژوویی پارتی قەت پاک نابێتەوە و تاوانەکان لە ژماردن نایەن، کە تازەترینییان شەهید كردنی كارمەندێكی ئاسایش بوو لە چەمچەماڵ و لێدان و دەستدرێژی بۆ سەر كەسانی تر لەسنووری دەسەڵاتی یەکێتیدا، ئەدی بۆچی ئەو دۆسێیانە دیزە بەدەرخۆنە كران و تاوانبارەكانتان لای خۆتان گلداوەتەوە و موعەزز موکەرەمن لە پایتەخت دەژین.
روونکردنەوەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی، دەڵێت دوای داواکردنی چەند کەسێک لە لایەن دادگاوە گوایە هێرشی یەکێتی بۆ سەر پارتی دەست پێکردووە لەکاتێکدا قەرار بوو لیژنەی هاوبەشی لێکۆڵینەوە لە هەر کەیسێکی گوماناوی بکەن نەک هەر خۆیان ئیستفراد بە دادگا و لێکۆڵینەوە بکەن و سیناریۆ دا بتاشن و مۆری دادگای لێبدەن.
دوا قسەمان دەڵێین ، لە پێناو پەرژەوەندی گشتیدا، ئەوە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بووە كە هەمیشە نەرمی نواندووەو لەزۆر مافی خۆمان خۆشبووین، بەڵام ناکرێ تا سەر بێدەنگ بین لە سیاسەتی جیاكاری و ئابڵوقەی دوژمنكارانە بەرامبەر خەڵكی ناوچەكانی ئەم دیو دێگەڵە (بگرە تەواوی دۆخی دژواری کوردستان) كە تا ئێستا سنورێكی دروستكراوی هەڵبەستنی رق و كینەی ناختانە.
هیوامان وایە سەرئەنجام تای دەمارگیری ، بوغزو كینە ، واهیمەی (حزبی قائید) و تەخوینی بیروڕای جیاواز بەرتان بدات و لە کۆنگرەی سبەینێتاندا سیاسەتێکی نوێی کوردانە و دەربەستی سیاسی بگرنە بەر و بڕیاری نیشتمانی ئەوتۆ بدەن کە زەرەری تا ئێستا زۆر و زەبەنەتان، لە نیوەی بگێرێتەوە.
مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان
2-11-2022