ئةذي ئةمين
plus4
پێش ٢ ساڵ

هۆکارەکانی دورخستنەوەی ئەژی ئەمین لە ڕیزەکانی یەکێتی بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی خراوەتەڕوو كە نهێنیی درکاندووە و دژی بەرژەوەندییەکانی یەکێتی کاری کردووە.

 

ماڵپەڕی فەرمیی یەکێتی بڵاویکردووەتەوە، سەلمان ئەمین نادر (ئەژی ئەمین)، رۆژی 8-8-2022 لەلایەن مەڵەبەندی دراساتی گشتی یەكێتییەوە بڕیاری دەركردنی دراوە و سێ رۆژ دوای ئەوەش لە رۆژی 11-8 بە واژۆی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بڕیاری "دەركردنی" ئەژی ئەمین پەسەندكراوە.   

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی، سەلمان ئەمین نادر (ئەژی ئەمین) بە پشتبەستن بە ماددەی (12) لە بڕگەی (هـ) ی سزادان دەركراوە، كە تێیدا هۆكاری دەركردن بە هەشت خاڵ دیاریكراوە كە دەركراو ئەنجامی بدات سزای پەیڕەو دەیگرێتەوە لەوانە" هەر ئەندامێك لە هەر پلەیەكدا بێت و تاوانی بە ئەنقەست یان ئابڕوبەرانەی ئەنجام دابێت و بە بڕیاری دادگا حوكم درابێت، یان نهێنی بدریكێنێت، پێگەكەی بەكاربهێنێت بۆ بەرژەوەندی."   

 

بەگوێرەی میدیای یەکێتی، ئەمە هەر هەشت خاڵەكەی (دەركردنە) بە پێی پەیڕەو:  

1- لە پەیڕەو و پڕۆگرام لابدات  

2- كار دژ بە بەرژەوەندییە باڵاكانی گەل و نیشتمان بكات.  

3-  كار دژ بە سیاسەتی (ی.ن.ك) بكات و هەوڵی تێكدانی ریزەكانی بدات.  

4-  پێگە حزبییەكەی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكاربهێنێت.  

5- بەرژەوەندی تایبەتی خۆی بخاتە سەرووی بەرژەوەندییەكانی (ی.ن.ك).  

6- دركاندنی نهێنییەكانی (ی.ن.ك)، لە سۆشیالمیدیا و كەناڵەكانی راگەیاندن و هەرشوێنێكی تردا، كە زیان بە بەرژەوەندییە باڵاكانی (ی.ن.ك) بگەیەنێت.  

7- كار دژ بە پاڵێوراوان و بەرنامەی (ی.ن.ك) بكات لە كاتی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن دا.  

8- هەر ئەندامێك لە هەر پلەیەكدا بێت و تاوانی بە ئەنقەست یان ئابڕوبەرانەی ئەنجام دابێت و بە بڕیاری دادگا حوكم درابێت.  

 

بەگوێرەی بەڵگەی مەڵبەندی دراسات كە بڕیاری دەركردنی سەلمان لە ریزەكانی یەكێتی لە رۆژی 8-8-2022  پێ درەركراوە و دەڵێت، پاش بڕینی هەموو رێكارە پەیڕەوییەكان بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی كە ناوبراو پێچەوانەی بەرژەوەندییەكانی یەكێتی كاری كردووە و بڕیاری دەركردنەكەش بە ئیمزای سەرۆك بافڵ پەسەندكراوە."   

 

ئەوەش هاتووە، "هەروەها ئەژی ئەمین بەپێچەوانەی چوار ماددەی پەیڕە و كاریكردووە و بەپێی ئەو ماددانە پێشێلی (14) بڕگەی پەیرەوی كردووە لە ماددەكانی (8،9،11، 12) و مەڵبەندی دیراساتیش ئەو پێشێلكارییانەی دیاریكردووە."