خانةقين
plus4
پێش ٢ ساڵ

هێرش حەبیب لێپرسراوی مەڵبەندی خانەقینی یەكێتی رایگەیاند: زانیاری هەڵە لەلایەن ئەفسەرێكی هەواڵگری لایەنێكی كوردستانی لەنێو سوپای عێراق دراوەتە بەغدا و لەو چوارچێوەیەشدا فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەكانی عێراق داوای لێكۆڵینەوەی كردووە.

 

وتیشی، لیژنەیەكی تایبەت بۆ بەدواداچوون لەو راپۆرتە سەردانی شارەكەیان كردووەو بۆیان دەركەوتووە زانیارییەكانی راپۆرتە ناڕاستە و سەرۆك بافڵ-یش لەبەغدا لەهەوڵدایە بۆ چارەسەركردن و هێوركردنەوەی دۆخكە.

 

لێپرسراوی مەڵبەندی خانەقین دڵنیایی بەخەڵكی شارەكەدا كە پرسەكە كۆتایی هاتووە و بڵاوبونەوەی ئەو هێزەشی لەقەزاكە هیچ پەیوەندی بەو پرسەوە نیە كە دەوڕوژێنرێت و ئەوانەشی بەبَلاوكردنەوەی پڕوپاگەندە دەیانەوێت خانەقین چۆڵبكات خەیاڵیان خاوە.

 

بەپێی زانیارییەكانی پلەس4 ئەفسەرێكی هەواڵگری سەر بە حزبێكی كوردستانی، لەراپۆرتێكدا بۆ فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق بەمەبەستی دروستكردنی كێشە و ئاڵۆزی زانیاری هەڵەی پێداون، بەپێی راپۆرتەكە ئاماژە بۆ ئەوەكراوە كە 750 كارمەندی ئاسایشی یەكێتی، 300 پێشمەرگەو 250 كارمەندی پۆلیس لەشارەكەدا بونیان هەیە و ژمارەیان لەزیادبوندایە.

 

لەسەر ئەو بنەمایەش، فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی دیالە مۆڵەتی هەفتەیەكی خستە بەردەم هێزە كوردستانییەكان بۆ چۆڵكردنی شارەكە.