سودانی
Plus4
berî 1 saet

سودانی؛ بڕیارێکی لەبەرژەوەندیی هێزە ئەمنییەکان دەرکرد

 

محەمەد شیاع سودانی؛ سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕەزامەندیی دەربڕی لەسەر گەڕاندنەوەی بەشە خۆراكی ئەو ئەندامانەی هێزە ئەمنییەكان كە مووچەكانیان لەسەرووی یەک ملیۆنێك دینارەوەیە.

 

ئەو ئەندامانەی هێزە ئەمنییەكان كە مووچەكانیان لەسەرووی یەک ملیۆنێك دینارەوەیە، چەندین مانگە بەشە خۆراكەكانیان ڕاگیراوەو پێیان نەدراوە.

 

لەوبارەیەوە ئەسیر داود غرێری؛ وەزیری بازرگانیی عێراق ئاشکرایکرد: سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕەزامەندیی پیشانداوە لەسەر لادانی رێگریکردن و نەدانی بەشە خۆراکی مانگانەی (بایۆمەتری)ی کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان.

 

ڕوونیشیکردەوە: ئەم بڕیارە ڕێزلێنانە لەقوربانیدانی هێزە ئەمنییەکان لەپاراستنی وڵاتەکەو چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری.

 

غرێری؛ وتیشی: ئەم هەنگاوە بۆ هەماهەنگییە لەگەڵ ڕۆڵی گەورەی نیشتیمانیی هێزە ئەمنییەکان.

 

وەزیری بازرگانیی عێراق دەشڵێت: لەماوەی ڕابروودا وەزارەتەکەیان بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەدواداچوونی بۆ ئەم دۆسیەیە کرد تا مافی ئەم توێژە نەخورێت و بەشە خۆراکەکانیان بۆ بگێڕدرێتەوە.

 

جەختیشیکردەوە: رێنمایی دراوە بەلایەنە پەیوەندیدارەکان تا بەزووترین کات و بێ وەرگرتنی هیچ بڕە بەرامبەرو پارەیەک، بڕیارەکە جێبەجێبکەن و هێزە ئەمنییەکانیش وەک تەواوی چین و توێژەکانی تر لەبەشە خۆراکی مانگانە سودمەندبن.