سەردانی
Plus4
berî 1 saet

بافڵ جەلال تاڵەبانی و عەباس عێراقچی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا 
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان  پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەلایەن عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پێگەیشت.

لە پەیوەندییەکەدا، هەردوولا بیروڕایان دەربارەی دوا پێشهاتە ئەمنی، سیاسی و ئابوورییەکانی ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرد و تاوتوێی رێگەچارەکانی کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەکانی ئێستایان کرد. جەختیان لە گرنگیی پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری و بەهێزکردنی هەماهەنگی لە رووبەڕووبوونەوەی ئاڵەنگارییە هاوبەشەکاندا کردەوە.

سەرۆکی یەکێتی جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی دیالۆگ و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان کردەوە وەک کاریگەرترین رێگا بەرەو هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکان، گەڕاندنەوەی ئاشتی و سەقامگیری، و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەموو گەلانی ناوچەکە. دەستخۆشی لە وەزیری دەرەوەی ئێران عەباس عێراقچی کرد بۆ هەوڵە بەردەوامە دیپلۆماسیی و بنیاتنەرەکانی لە گەڕان بەدوای چارەسەری ئاشتییانە بۆ ململانێکان و  سەقامگیرییەکی فراوانتردا.

هەروەها هەردوولا تاوتوێی پەیوەندییە مێژووییە ستراتیژییەکەی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان کرد، و پابەندبوونی خۆیان بۆ بەهێزکردنی زیاتری پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و هەماهەنگی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش، دراوسێیەتی باش و سەقامگیریی ناوچەکە دووپاتکردەوە.

لە درێژەی گفتوگۆکاندا، وەزیری دەرەوەی ئێران بانگهێشتی بافڵ تاکەبانیی کرد بۆ تاران بەمەبەستی گفتوگۆی زیاتر لەسەر لێکەوتە ئەمنی و ئابوورییەکانی ململانێکان لەسەر ئاستی ناوچەکە و نێودەوڵەتی.