Plus4
پێش ٢ کاتژمێر
عەبدولزەهرا هەنداوی؛ وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانى عێراق ڕایگەیاند، ڕێژەى هەژارى لەعێراق لەساڵی 2022دا گەیشتبووە 23%.
دەشڵێت: بەهۆى جێبەجێکردنى کۆمەڵێک سیاسەتێکی حکومەت، ڕێژەکە کەمبووەتەوە بۆ 17%، پلانیش لەئارادایە لەنێوان ساڵانی 2026 تا 2030 ڕێژەکە لەوە کەمتر بکەنەوە.
هەنداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانى عێراق لەبارەی کەمبوونەوەى ڕێژەى هەژارى دەڵێت. ئەمساڵ ڕێژەی هەژاری لەعێراق بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە، ئەمەش لەئەنجامی زنجیرەیەک ڕێوشوێنی حکومەت کە لەچوارچێوەی ستراتیژیی کەمکردنەوەی هەژاریدا جێبەجێکراون.
ڕوونیشیکردەوە: دوایین ڕاپرسی کە وەزارەتی پلاندانان لەڕێگەی ڕێکخراوی ئاماری ناوەندییەوە ئەنجامیداوە، دەریخستووە کە ڕێژەی هەژاری بۆ نزیکەی 17% کەمبووەتەوە کە بەر لەسێ ساڵ ڕێژەکە 23% بوو.
ئەمەش لەئەنجامی پشتگیریی ئاسایشی خۆراک و دابینکردنی ئەو پێداویستییانەی لەسەبەتەی خۆراکدا هاتووە، وێڕای فراوانکردنی تۆڕی چاودێریى کۆمەڵایەتی و جێبەجێکردنی بەرنامەکانی بەهێزکردنی ئابووری لەڕێگەی گۆڕینی ژمارەیەک لەسوودمەندان بۆ کارمەند لەهەندێک دامەزراوەی دەوڵەتدا.
ڕوونیشیکردەوە: سندوقی پاڵپشتیی ناوچە هەژارنشینەکان لەساڵانی ڕابردوودا پرۆژەی خزمەتگوزاریی لەژمارەیەک پارێزگا جێبەجێکردووە، جگە لەڕۆڵی سندوقی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی سەر بەوەزارەتی پلاندانان کە بەسەرکەوتوویی سەدان پرۆژەی لەزیاتر لە 500 گوند جێبەجێکردووە.




