Plus4
پێش 11 کاتژمێر
دەقی راگەیەندراوەکەی شاخەوان عەبدوڵا ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان:
بەداخەوە ماوەیەکە سەرۆکی بەرەی تورکمانی و بەشێوەیەکی بەرنامە دارێژراو هەوڵی ئاژاوە گێڕی و ناسەقامگیری دەدات لە شاری کەرکوک ،
ئەم کردەوانەی بەڕیز محمد سەمعان سەرۆکی بەرەی تورکمانی لەگەڵ پێگەی سەرۆکی حزبێک ناگونجێت کە دەبێت ئەرکی لەپێشینەی پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی کۆمەڵایەتی و برایەتی نێوان پێکهاتەکان بێت بەتایبەتی لە شارێکی وەک کەرکوک فرە نەتەوە و ئاین و مەزهەبە ،
سەرەتاو لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن محمد سمعان سەرۆکی بەرەی تورکمانی وێنەیەکی خۆی لەگەڕەکی شورجەی تەواو کورد نشین دانا بەبێ ئەوەی ناوبراو کاندید بێت یاخود ئەو گەڕەکە دەنگدەرێکی حزبەکەی ئەوی تێدابیت ، ئەو کارەی ئەو بوە هۆی ئەوەی وێنەکەی بسوتێنرێت و گرژی دروست ببێت ،
دواترو لەرێگای بەغداو لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن دیسان لەلایەن ئەندامانی ئەو حزبەو بە تەوجیهی محمد سمعان هێرش کرایە سەرکەژاوەی ئۆتۆمبیلی حزبە کوردییەکان و هەوڵیاندا سوکایەتی بەئاڵای کوردستان بکەن و ئازاری گەنجەکانمان بدەن ، بەهەمان شێوە لە شاروچکەی پردێ ویستیان هێرش بکەنە سەر چەند گەنجێکی کوردو ئاڵاکانی دەستیان وەرگرن و بیدڕن ، بەڵام ئەوکاتیش لەگەڵ فەرماندەی ئۆپەراسیونەکانی کەرکوک قسەمان کردو دۆخەکەمان هێور کردەوە لە پێناو پاراستنی سەقامگیریی شارەکە ،
دواین جار بەهەمان شێوەو بە ناردنی کۆمەڵێک گەنج بەدانانی ئاڵای عیراق لە گەڕەکە کوردییەکان و نوسینی ناوی خۆی لەسەر ئاڵاکە بۆ استفزاز کردنی گەنجەکانی کەرکوک و دواتر گومان دەکریت هەر خۆیان ئاڵاکەیان سوتاندبێت بۆ دروست کردنی بشێویی و پێکدادانی پێکهاتەکان ، دڵنیام بە چاو کراوەیی خەڵکی بەشەرەفی شارەکە لەسەرجەم پێکهاتەکان ئەو خەونەی سەرۆکی جەبهەی تورکمانی لە گۆڕ دەنێین ،
ئێمە لەکاتێکدا ئەم کردەوانە ئیدانە دەکەین داوایش دەکەین سەرۆکی بەرەی تورکمانی شکست و دابەزینی دەنگەکانیان لە دواین هەڵبژاردن بە نانەوەی بشێوی و دوو بەرەکی لەنێوان پێکهاتەکان نەپۆشن و لەئاست بەرپرسیارێتی و هەستیاری دۆخی شارەکە بن و سنورێک بۆ زیادەڕوییەکانیان دانێن .




