Plus4
پێش ڕۆژێک
یەکەی سەرپەرشتیاری خوێندنی کوردی لەکەرکوک، ڕوونکردنەوەیەکی سەبارەت بەو گرتە ڤیدیۆییە بڵاوکردەوە کەتیایدا لاسایی مامۆستایەکی دەکاتەوەو کاردانەوەی زۆری لەنێو مامۆستایان و کەرتی پەروەردە لەکەرکوک و کوردستان لێکەوتەوە.
دەقی ڕوونکردنەوەکەی یەکەی سەرپەرشتیاری خوێندنی کوردی لەکەرکوک:
بەناوی یەکەی سەرپەرشتیاری خوێندنی کوردی لەکەرکوک،
داوای لێبووردن لەسەرجەم مامۆستایان و بەتایبەت مامۆستایانی پسپۆڕی وانەی کۆمەڵایەتی لەسەرجەم کوردستان و کارمەندانی بوواری پەروەردە دەکەین کە منداڵێکمان بەهەڵەو بێ مەبەست و لەسەر بنەمایی منداڵێتیی خۆی، گرتە ڤیدیۆییەکی بڵاوبووەتەوەو هەستی بەڕێزتانی بریندارکردووە.
زۆر داوای لێبووردن دەکەین بۆ هەڵەی ئەو منداڵە کە زۆر پەشیمانەو بەفرمێسەکانیەوە داوای لێبووردنی کرد.
نە هیچ مامۆستایەک و نە بەڕێوەبەرەکەی و نە هیچ سەرپەرشتیارێکیش، سکاڵایان نییەو نیمانە.
لێبووردووانەومرۆڤانە هەڵسوکەوتمان لەگەڵیدا کردو بێگومان ڕێنماییەکانی وەزارەتی پەروەردەمان لەیاد ناچێت و وەک پیشەی خۆمان پەروەردە کردنە دواتر فێرکردن.
سەرجەم قوتابی و خوێندکاران بەمنداڵی خۆمان دەزانین، وەک باوک و دایک ئامۆژگارییان دەکەین و ڕێنمایی دەکەین و بڕوامان بەسزا نییە بۆ جگەرگۆشەکانمان، تەنها بەخۆشەویستی و لێبووردەیی و دڵگەورەیی و سنگ فراوانی هەڵسوکەوت دەکەین، لەگەڵ جگەرگۆشەکانمان و هەمووی بەقوربانی یەک دڵۆپە فرمێسکی منداڵێکی بێ باوک بێت و گوڵەکانی دیاریی دەستی بۆ مامۆستاکانی لەجیاتی هەموو مامۆستایانی کوردستان، بەسە بۆ ئێمەو هیچ لەدڵماندا نەماوە.
داوا دەکەین لەسەرجەم باوک و دایکان، تکایە ڕێگەمەدەن منداڵەکانتان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاربهێنن یاخوود منداڵەکانتان بەکاربهێنن و بێگەردی و سروشتی منداڵییان بکەوێتە مەترسییەوە، چوونکە ئەوانە دیاری و بەخشینی خودان تکایە ئێوەش بییانپارێزن.
دووبارە ڕێزو خۆشەویستی و داوای لێبوردنمان لێوەربگرن و بە بەخشندەیی و گەورەیی خۆتان بمانبوورن.
ڕەئوف سەعدوڵڵا محێدین
یەكەی سەرپەرشتیاری دڵنیایی جۆری بنەڕەتی کەرکوک





