plus4
پێش 3 کاتژمێر
کاوێز مەلا پەروێز رۆژنامەنوس و کادری پێشووی پارتی لەکەرکوک نوسینێکی لەژێر ناوی"گەرەنتی چییە پارتی و قوتەیبە پێکەوە ناوەستن" بڵاوکردوەتەوەو لەبەشێکیدا دەڵێت،، لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەی کەرکووک پەنجا هەزار دەنگی زووڵاڵی کورد کە هەر یەکەیان دەیان چیرۆکی پڕ لە نەبەردی و خەونی کوردبوونیان هەبووە و هەیە، دوو کورسی ئەنجوومەنەکەی بۆ پارتی بەرجەستە کرد تا خزمەتی خەڵک و شاری پێ بکات، کەچی خستییە سەبەتەی بەرژەوەندییەکانی راکان جبوورییەوە!
دڵنیام هیچ پارتییەک دەنگی بۆ ئەو ئەدایەی ئێستای پارتی نەداوە کە ببن بە بەشێک لە روانگە و پڕۆژەی راکان جبووری و لە دەرەوەی پرۆسەی بەڕێوەبردنی شارەکەیان بن! پارتییەکانی کەرکووک هێشتا لە ناو شۆکی ئەو هاوکێشە گۆڕاوەن "هاوکێشەی دۆستی راکان دژ بە رێبوار" کە هیچیان هۆکارەکەی نازانن و، هیچ بەرپرسێکی پارتیش توانای شەرحکردنی ئەو جۆرە لە نزیکایەتیی پارتی و راکانی نییە، چونکە بانگەشەی پارتی لە هی هێزەکانی تر دژ بە ئیدارەی راکان گەرم و گوڕتر بوو، بە جۆرێک راکان لای کورد و پارتییەکان بە دێو کرابوو، بۆ شکاندنی هێزەکانی تریش بوهتانی دۆستایەتیی راکانیان بۆ ناشرینکردنی ئەم و ئەو دەکرد!
زیاتر نوسیوێتی،، دەنگدەری سەرسوڕماوی پارتی کە شۆکی سیاسەتی بانێک و دوو هەوای حزبەکەی بەرینەداوە تێگەیشتنێکی بۆ دروست بووە؛ هەر بە راست دەنگدان بە پارتی لە کەرکووک دەنگدان بە پڕۆژەی کوردییە یان وەک ئەنجوومەنی پارێزگە ئەم جارەش دەنگدانیان دەبێتە ریسک و دەخرێتە خزمەتی بەرەیەک کە لە بنەمادا چارەی کوردی ناوێت!
ئەمە پرسیارێکی بە جێیە بۆ دەنگدەری پارتی؛ ئاخۆ ساڵێکی تر لە سەکۆی پەرلەمان، نوێنەریەکی پارتی و قوتەیبەی کوڕی راکان جبوری و نوێنەرەکانی بەرەی تورکمانی پێکەوە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی دژ بە ئیدارەی کەرکووک نابینن؟




