
plus4
پێش 15 کاتژمێر
عەلی ئاراس؛ گەنجێکی میدیاکاری شاری کەرکوکە، لەفێستیڤاڵی جیهانیی لاوان لەشاری نیژنی نۆڤگۆرۆدی ڕووسی، کە بە بەشداریی زیاتر لە 2 هەزار گەنجی لەسەرئاستی 120 وڵاتی جیهان ئەنجامدرا، بەنوێنەرایەتیی کەرکوک و ئاژانسی هەواڵی plus4 یەکێکبوو لەبەشداربووانی ئەم بۆنە گەورە جیهانییە.
چالاکییەکانی فێستیڤاڵەکە بەدروشمی (لەڕووسیا) بوو، بەرنامەکانی فێستیڤاڵەکە حەوت تەوەری سەرەکیی لەخۆگرتبوو، تەوەرەکانیش بریتیبوون لە: (میدیا، پیشەسازیی داهێنەرو هونەر، کارگێڕیی گشتی، کارگێڕی، پەروەردەو زانست، وەرزش، تەکنەلۆژیا).
لەیەکەم ڕۆژی فێستیڤاڵەکەدا، زیاتر لە 80 چالاکیی هەمەچەشن و هەمەبووار ئەنجامدران، بە بەشداریی 200 قسەکەر لەزۆربەی وڵاتانی جیهان، نزیکەی 60 پسپۆڕ لە 39 وڵاتەوە تێیدا بەشداربوون.
چالاکییەکان کارلێککارانە بوون، بەتایبەت خۆی لە (وۆرک شۆپ و پێشکەشکردنی پرۆژەو کۆبوونەوەی ڕاوێژکاری و بینینی کلتوورو شوێنە مێژووییەکان) دەبینییەوە.
لەفێستیڤاڵەکەدا باس لەپرسە هاوچەرخەکانی وەک زیرەکیی دەستکرد، خوێندەواری دارایی، و کارگێڕیی دیجیتاڵی کران، وێڕای بەرنامەی ڕاهێنانی چڕ لەبوواری میدیای نوێ و بەرهەمهێنانی ناوەرۆک.
لەچالاکییەکاندا دەرفەت بۆ بەشداربووان ڕەخسێندرا کە ئەزموونی داهێنەرانەو ئەزموونی کلتووری و هونەری و وەرزشی ئەنجامبدەن کە ڕەنگدانەوەی ڕۆحی هەمەچەشنی و کراوەیی بوون لەکلتوور.