بؤردى بيكهاتةكان
plus4
پێش ٢ ساڵ

بۆردی پێکهاتەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پەیامێکی توند ئاراستەی ئەرشەد ساڵحی پەرلەمانتاری توركمان دەكات، دەقی پەیامەكە:

 

ئەرشەد ساڵحی ناوێکی نامۆ نییە لای کەرکوکیەکان کەناسراوە بەوەی هەمیشە وەکو سیاسییەکی دۆڕاو دەیەوێت مەلە لەئاوی لێڵدا بکات.

 

ئەوەی وەک سەرنج و تێبینی لەلێدوان و ئاخافتنەکانی لەسۆسیال میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەدیکراوە، ئەو کاتێک لەترۆپکی دەسەڵاتیشدا بووە لەناو بەرەی تورکمانی،بەهەمان ئاواز خوێندوێتی و هەموو کات هەوڵیداوە کەکێشە و ئاشوب و دوبەرەکی لەنێوان پێکهاتەکانی کەرکوکدا بخوڵقێنێت و دورایی نێوان پێکهاتەکانی کەرکوک زیاتر بکات دوای ئەوەی ڕژێمی بەعسی لەناوچوو بەدرێژایی چەندین دەیە هەوڵیداوە درز بخاتە نێوان پێکهاتەکانی کەرکوکەوە و لەمەدا بەعس شکستی هێناوەو پەیوەندی نێوان پێکهاتەکان کەرکوک بەکورد و تورکمان و عەرەبە ڕەسەناکان و کلدۆئاشوریەکانی کەرکوک بەبەهێزی ماونەتەوە.ئەوەی ئەرشەد ساڵحی دەیەوێت ئەنجامی بدات بەهەمان شێوە هەوڵدانە بۆ دروستکردنی ناجێگیری و شێواندنی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی لەکەرکوک ئەگەر نا پێویستە ئەرشەد ساڵحی لەخۆی بپرسێت ئەو بۆچی و لەپێناوی چی ئەو کاڕە دەکات کەدەستیپێکردوە؟

 

بەرهەمی ئەو دژایەتیە کامانەبوون کەئەو لەدوای پرۆسەی ئازادی عیراقەوە لەدژی کورد و کوردستانیەتی کەرکوک و ماددەی 140 بانگەوازی بۆ کردوە؟ ئایا ئەوە کورد بوە لەپێش پرۆسەی ئازادی عیراق زەوی وزاری جوتیارانی تورکمانی لەکەرکوک داگیرکردوە یان عەرەبی هاوردە؟

 

لەئێستاشدا ئەوانە کێن کەزەوی بەشیریان داگیرکردوەو ئامادەش نین دۆنمێکی بۆ تورکمان بگەڕێننەوە؟ بۆچی و لەپای چی ئەو لەڕابردو و ئێستاشدا دژایەتی پێشمەرگە دەکات لەکەرکوک لەکاتێکدا پێشمەرگە بۆ ماوەی چوار ساڵ هەموانی لەکەرکوک لەتیرۆر و داعش پاراست؟ دەبێ ئەوەش لەئەرشەد ساڵحی بپرسین ئەوێک کەلەپەرلەمانی عیراق سەرۆکی لیژنەی مای مرۆڤ بووە چۆن دەبێت دژی ئەوە بوەستیت خەڵکانێکی ئاوارەی وڵاتان لەهەر شوێنێک ژیانیان پارێزراوبێت بژێن؟

 

لەکام بڕگەو مادەی جاڕی گەردوونی مافی مرۆڤدا هاتوە ئاوارە نابێت لەشوێنێکی تر بژێت و حکومەتی عیراق لانی کەمی خزمەتگوزاریشی بۆ دابین نەکردبێت لەکەرکوک هەر بۆیە بەناچاری لەپەنجا عەلی و گەڕەکی کوردستان بژێت؟

 

ئێمە لەئەرشەد ساڵحی دەپرسین ئایا پەنجا عەلی و فەیلق ئەوەندە ژیان تێیدا خۆشە خەڵکی لەوڵاتانەوە ڕوویان تێبکات ئەگەر ژیانی پڕناسۆی ئاوارەیی ناچاری نەکردبن و ڕژێمی ئەو وڵاتانەی ئەو باسیان دەکات ناچاری نەکردبن لەزێدی خۆیان هەڵبێن؟

 

هەر بەڕاستی ئێمە لەئەرشەد ساڵحی دەپرسین ئەگەر هێندە خەمخۆری خەڵکی کەرکوکە بۆچی لەچەند ساڵی ڕابردوو کەئەو باڵاترین بەرسیارێتی هەبوە لەناو بەرەی تورکمانی و پەرلەمانتاریشە سەردانێکی گەڕەکەکانی خواروی شاری کەرکوکی نەکردوە تاوەکو بەچاوی خۆی ببینێت کەچەندین گەڕەکی نوێی تەعریب لەو ناوچانە دروستکراون و لەلایەن حکومەتی عیراق و ئیدارەی کەرکوکەوە تەواوی خزەتگوزاری بۆ ئەو گەڕەکە نوێیانەی تەعریب لەکەرکوک جێبەجێ کراون؟

 

ئەو لێدوانانەی ئەرشەد ساڵحی دەیدات خۆڵکردنە چاوی خەڵکی کەرکوکە و مەرام لێی ڕاکێشانی سۆزی شەقامە بۆ خۆی و تەنها بۆ بێزارکردنی کوردە لەکەرکوک و هیچی تر و خۆدزینەوەشە لەو شکستە سیاسییانەی کە ئەو لەناو ڕیزەکانی بەرەی تورکمانیدا دووچاری هاتوە.

 

بەیەک دێڕ پێی دەڵێین کورد لەمێژە وتویەتی بەری خۆر بەبێژنگ ناگیرێت.هەروەها وتوشیەتی کانی بەدەمی.... پیس نابێت.