
پێش ٢ کاتژمێر
کۆمپانیای نەوتی باکوور: نەوتی کێڵگەکانی کەرکوک هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکیا ناکرێت
کۆمپانیای نەوتی باکوور ڕایگەیاند: نەوتی هەرێم لە زاخۆ وەردەگیرێت و هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکیای دەکرێت، بەڵام تائێستا هیچ وادەیەکی بۆ دیارینەکراوە.
کۆمپانیای نەوتی باکوور ئاشکرایدەکات کە نوێنەری کۆمپانیاکەیان بەشداریی لەکۆبوونەوەی سێ قۆڵیی ئەمڕۆی تایبەت بەڕێککەوتنی نەوتی نێوان هەولێرو بەغداو کۆمپانیا نەوتییەکاندا کردووە.
سەرچاوەیەکی کۆمپانیاکە ڕوونیدەکاتەوە کە نەوتی هەرێم بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ، بێ گەڕاندنەوەی بۆ کەرکوک، لەڕێگەی بۆرییەوە هەناردەی دەرەوە دەکرێت.
دەشڵێت: کۆمپانیای نەوتی باکوور لەزاخۆ وێستگەی وەرگرتنی هەیەو لەوێ نەوتەکە وەردەگرێت، دواتر هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکیای دەکرێت.
ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات: تائێستا هیچ وادەیەک بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت دیارینەکراوە، بەڵام دوای پەسەندکردنی ڕێککەوتنەکە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە، کەبڕیارە سبەی سێشەممە بەڕێودەچێت، ئەگەری هەیە هەناردەکردنەوەی نەوت دەستپێبکاتەوە.
جەختدەکاتەوە کە نەوتی کێڵگەکانی کەرکوک هەناردەی بەندەری جەیهان ناکرێت، تەنها نەوتی کێڵگەکانی هەرێم لەڕێگەی بۆرییەوە هەناردەی بەندەری جەیهان دەکرێت.