
Plus4
پێش ٢ کاتژمێر
شێخ ستار بەرزنجی؛ شێخی وەرزشکاران و میدیاکارانی کەرکوک کۆچی دواییکرد
کەمێک بەر لەئێستا، شێخ ستار بەرزنجی، یەکەم کۆمێنتاری وەرزشی کوردی و کەرکوک و شێخی وەرزشکاران و میدیاکارانی کوردستان و کەرکوک کۆچی دواییکرد.
ستار عەبدوڵڵا ئەحمەد ناسراو بە (شێخ ستار بەرزنجی)؛ مامۆستاو كۆمێنتارو پێشكەشكاری بەرنامەو ڕۆژنامەنووسی وەرزشی و یاریزان و ڕاهێنەرو سەرۆکی پێشووتری یانەی وەرزشی سۆلاڤ، لەساڵی 1941 لەگەڕەكی ئیمام قاسمی شاری كەرکوك لەدایكبووە.
دەستەی دامەزرێنەری یانەی وەرزشی سۆلاڤە و بڕوانامەی پلە یەكی یارییەكانی تۆپی پێ و بالەی وەرگرتووە، لەساڵی 1975 تاساڵی 1994 ئامادەكارو پێشكەشكاری بەرنامەی وەرزش و لاوان بووە لەکەناڵی تەلەفزیۆنیی ئەوسای كەركوك.
لەساڵی 1986ەوە ئەندامی یەكێتیی نووسەرانی عێراقە، چەندین بڵاوكراوەو هەواڵ و ڕاپۆرت و ستوونی سەبارەت بەوەرزش بڵاوكردووەتەوەو یەکێکبووە لەئەستێرە هەرە دیارەکانی یاریی بالە لەکەرکوک و کوردستان و عێراق و کاری ڕاهێنەرایەتیشی کردووە، چەندین ساڵیش وەک مامۆستا لەقوتابخانە وانەی وتووەتەوە.
یەكەمین پەرتووكی لەسەر یاسای تۆپی پێ چاپكردووە، ماوەی 13 ساڵیش جێگری سەرۆكی لقی كەركوكی یەكێتیی تۆپی پێ و 12 ساڵیش سەرۆكی لقی كەركوكی یەكێتیی بالە بووە، وێڕای ئەوانەش ماوەی 27 ساڵ سەرۆكی یانەی وەرزشی سۆلاڤ بوو.
شێخ ستار بەرزنجی، یەكەمین ئامادەكارو پێشكەشكاری بەرنامەی وەرزشی بووە كە بۆیەكەمجاریش لە 27-11-1975 پەخشكراوە، وەک یەکەم کەسیش، لەڕۆژی 29-11-1976 كاری كۆمێنتاریی وەرزشیی كردووە کە لەكوردستان ئەمە جگە لەوەی یاریزان و ڕاهێنەریش بووە.
کەمێک بەر لەئێستاش، دوای تەمەنێکی زۆر لەبەخشش و ساڵانێکیش لەنەخۆشکەوتن، لەتەمەنی 84 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.