
plus4
پێش 7 کاتژمێر
کەرکوک.. زیاتر لە 25 ملیۆن دینار لەنێو فەردەیەک برنجدا دۆزراوەتەوە و درایەوە دەستی خاوەنی
لەکەرکوک کەسێک کە بەئۆتۆمبێل ئاردو برنج لەماڵان دەکڕێت، بڕی زیاتر لە 25 ملیۆن دینار لەنێو فەردەیەک برنج دەدۆزێتەوەو لەرێگەی بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی رەحیماواوە دەیگەڕێنێتەوە بۆ خاوەن ماڵەکە.
سەرچاوەیەک لەبنکەی پۆلیسی رەحیماوا بە plus4ی راگەیاند: کەسێک بەناوی "عەبدولقادر جەودەت" تەلەفۆنی کردووە بۆ عەقید فەرهاد مەحمود بەڕێوەبەری بنکەکەو وتووێتی بڕێک پارەی زۆرم لەنێو فەردەیەک برنجدا دۆزیوەتەوە کە 22 ملیۆن و 500 هەزار دینارە لەگەڵ دوو هەزارو 200 دۆلار.
وتیشی، ئەو کەسەی پارەکەی دۆزیوەتەوە پیشەی کڕینی ئاردو برنجی ماڵانە، لەرێگەی عەقید فەرهادەوە ناونیشانی ماڵەکەیان دۆزیوەتەوە کە لەگەڕەکی قۆریە بوەو پارەکەیان رادەستیان کردووەتەوە.
بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، ماڵەکە فەردە برنجەکەیان بە کابرا فرۆشتووە بەبێ ئەوەی بزانن پارەی تێدا شاردراوەتەوە، کاتێکیش کابرا دۆزیوێتییەوە دەستبەجێ هاتووەتە بنکەی پۆلیسی رەحیماواوەو هەماهەنگی کراوەو رادەستی خاوەن ماڵ کراوەتەوە.