کەرکوک
plus4
پێش ٢ هەفتە

کەمال شەریف؛ سەرۆکی لقی کەرکوک یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، ڕوونکردنەوەیەکی سەبارەت بەهۆکاری نەگواستنەوەی مامۆستایانی خوێندنی کوردی بۆسەر بەغدا ئاشکرا دەکات و دەڵێت: لەماوەی ڕابردوودا لەسەر ڕاسپاردەی ڕێبوار تەها؛ پارێزگاری کەرکوک، یەکێتیی مامۆستایان و کۆمەڵێک مامۆستای خوێندنی کوردی، بەهەماهەنگیی د. خالید شوانی؛ وەزیری دادی عێراق، سەردانی وەزیری پەروەردەی عێراقمان کرد لەبەغدا.

لەکۆبوونەوەیەکدا داواکارییەکەمان سەبارەت بەگواستنەوەمان بۆسەر بەغدا دەربڕی، ئەوەبوو دوای چەند کۆبوونەوەیەک ڕەزامەندییان دەربڕی و میکانیزمێک دیاریکرا.

وتیشی: بۆ ئەم پرۆسەیە کە واژۆی زیاد لە (٥٠٠٠) پێنچ هەزار مامۆستا کۆکرایەوەو لە ڕێی پاریزگای کەرکوکەوە بەنووسراو ئاراستەی بەغدا کرا، دواتر وەزیری داد داواکارییەکەی پێشکەشی سەرۆک وەزیرانی عێراق کردو ئەویش ڕەزامەندیی پیشاندا.

ناوبراو پشتڕاسیتدەکاتەوە کە ئەوەی جێی نیگەرانییە، حکومەتی هەرێم بەکارەکەمان ڕازی نەبوو، بەپرۆسەکە، دەڵێت لەکاتێکدا لاریمان نییە، بەبێ ڕاژە، واتا وەک ئەوەی تازە دابمەزرێین و هەموو خزمەتەکانمان سفر بکرێنەوە.

ڕوونیشیکردەوە: لێرەوە ئاشکرایدەکەم کە ئەوەی ڕێگرو هۆکار بووە بۆ پەکخستنی پرۆسەکە، تەنها حکومەتی هەرێمەو ناهێڵێت ئەم کارە سەربگرێت، وەک ئەوەی پێشتریش هەمان کاری کردووە.

دەشڵێت: بۆیە پێویستە سەرجەم مامۆستایان ئەم ڕاستییە تاڵە بزانن، چوونکە ڕۆژانە پەیوەندیمان پێوەدەکرێت بۆ زانینی ئەنجامی پرۆسەکە.

هەرچەندە پێشتر وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێم بەیاننامەیکی دەرکرد کە گوایا ئەوان ڕێگرنین و ئەوە حکومەتی عێراقە ڕێگریی لێدەکات، بەڵام پێچەوانەکەی ڕاستە.

جەختدەکاتەوە کە ئەوان تەنها بەمەوە ناوەستن و بەردەوام دەبن لەهەوڵدان و داکۆکیکردن لەمافی مامۆستایانی خوێندنی کوردی، ئەوکاتەی دەگەنە ئەنجامی دڵخۆشکەر.