رعد صالح
ئاژانسی هەواڵی plus4
پێش مانگێک

ئەمڕۆ هەریەك لە زاهیر عاسی و ڕەعد ساڵح؛ ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، كشانەوەی خۆیان لەهاوپەیمانیی پێكهێنانی ئیدارەی خۆجێیی كەركوك ڕاگەیاند.

 

هۆكاری كشانەوەی هەردوو ئەندامە عەرەبەكەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەهاوپەیمانی پێكهێنانی ئیدارەی خۆجێیی كەركوك، بەپێی قسەی خۆیان بەهۆی جێبەجێ نەكردنی داواكارییەكانیانە لەپێنەدانی پۆستەكان پێان و پرسی نەگێڕانەوەو ڕادەست نەكردنەوەی دەستگیركراوانی عەرەب و كەمیی پرۆژەی خزمەتگوزاری بۆ ناوچەكانیانەوەیە.

 

سەیر لەوەدایە هێندەی پڵەس فۆڕ زانیویەتی، ئەمە جاری سێیەمە زاهیر عاسی دەست لەكاركێشانەوەی خۆی ڕادەگەیەنێت، جارێكیان چوار مانگ دوای هەڵبژاردنەكەی كەركوك و جاری دووەم مانگی یانزەی ساڵی ڕابردوو، كۆتا جاریشیان ئەمڕۆ بوو.

 

هەموو جارێكیش بۆ دەست لەكاركێشانەوەی، زاهیر عاسی بیانووی جێبەجێ‌ نەكردنی ڕێككەوتننامەكانی هەیەو پێیوایە هیچ یەكێك لەو بەندانەی ڕێككەوتنەكەی ئۆتێل ڕەشید جێبەجێ‌ نەكراون.

 

ئەمە لەكاتێكدایە خوودی زاهیر عاسی، لەسەرەتاكانی پێكهێنانی ئیدارەی خۆجێیی كەركوك، ماوەیەكی زۆر بەهەمان بیانووەوە بەشداریی كۆبوونەوەكانی نەكرد، لەم كۆتاییانەشدا بەهەمان شێوە بەشداریی دانیشتنەكانی ئەنجومەنی نەكردووە.