پەتای خوێنبەربوون
Plus4
پێش 3 کاتژمێر

هۆکارەکانی گواستنەوەی بۆ مرۆڤ:

1-ئەگەر ئەو گەنەیەی هەڵگری ڤایرۆسەکە بێت و بە مرۆڤەکەوە بدات، ئەوا مرۆڤەکە تووشی تای خوێن بەربوون دەبێت، یان مرۆڤ گەنەکە بگرێت و بیکوژێت و خوێنەکەی بەر مرۆڤ بکەوێت، تووشی نەخۆشییەکە دەبێت.

 

2-لە رێگەی سەربڕینی ئاژەڵی تووشبووەوە، کاتێک خوێنەکەی بەر مرۆڤ بکەوێت، لە بەروبوومەکەشیدا هەیە، بەڵام ئەگەر هاتوو شیرەکە بکوڵێنرێت ئەوا هیچ ڤایرۆسێکی تێدا نامێنیت، هاوکات گۆشتیش بە کوڵاندن ڤایرۆسەکەی تێدا نامێنێت.

 

نیشانەکانی نەخۆشییەکە چییە؟

 

1-لە 3-7 رۆژدا نیشانەکانی دەردەکەون و نەخۆشییەکە تایەکی بەرزی دەبێت، هەموو جەستەی ئازاری هەیە، بەتایبەت ئازار لە پشت و ملی دروست دەبێت، لەوانەیە نەخۆشەکە تووشی سکچوون و رشانەوە ببێت، لە قۆناغەکانی کۆتایشدا خوێن بەربوون دەستپێدەکات.

 

2-نەخۆشەکە لە دەموو لووتییەوە خوێن بەردەبێت، پاشان لە پشتیشی پەڵەیەکی خوێن بەربوون دەردەکەوێت، لەوکاتەشدا دەبێت چارەسەر بکرێت.

 

چارەسەری ئەم نەخۆشییە چییە؟

 

نەخۆشەکە ئەگەری مردنی هەیە بە رێژەی لە 30-40%، لە 70% ئەگەری چاکبوونەوەی هەیە، ئەگەر زووش دەستنیشانی نەخۆشییەکە بکرێت و چارەسەر بکرێت، ئەگەری چارەسەر و چاکبوونەوەی ئاسانە.

 

ڕێگاکانی خۆپاراستن 

 

1-دوورکەوتنەوە لە سەربڕینی ئاژەڵ لە سەرشەقامەکان بە نایاسایی.

 

2-ئەو کەسانەی گۆشت فرۆشن، دەبێت سەرجەم رێنماییە پزیشکییەکان پەیڕەوبکەن، وەک بەکارهێنانی دەستکێش و جلوبەرگی تایبەت، هاوکات بەکارهێنانی دەرمانی دژە مێروو، بۆ ئەوەی نزیک نەبنەوە لە ئاژەڵەکان، ئەو کەسانەش کە سەردانیان دەکەن بەمەبەستی کڕین دەبێت بە ئاگابن.

 

3-نەچوونی مرۆڤ، بۆ ئەو شوێنانەی کە گەنە و مێرووەکانی لێیە.