
plus4
پێش ٢ مانگ
عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک؛ فەرماندەو کەسایەتیی دیاری پارتی لەچەمچەماڵ، لەنوێترین وتەیدا ستایشی یەکێتی و تیمەکەی دەکات لەکەرکوک و دەڵێت: ھەر بژین تیمی یەکێتی لە کەرکوک.
ئەم وتانەی عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک، لەپای سیاسەتی ئێستای یەکێتی و هەڵمەتی ئاوەدانکردنەوەی شارەکە لەلایەن پارێزگارو تیمی یەکێتی دێت لەکەرکوک و پێیوایە گۆڕانکاریی ڕیشەیی لەکەرکوک دەستیپێکردووە.
عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک؛ لەقسەکانیدا دەڵێت: ھەموان دەزانن دژی زۆرێک لەسەرکردایەتی و سیاسەت و بڕیارە حزبییەکانی یەکێتیم، بەڵام وا ڕاھاتووم ناتوانم بێ ھەڵوێست بم لەئاست چاکەی گشتی و نیشتمانی.
دەشڵێت: ئەمڕۆ لەسەردانێکمان بۆ کەرکوک کە ماوەیەکی زۆر بوو سەردانی ئەو شارەم نەکردبوو، بەڕاستی دەستخۆشیی زۆرم ھەیە بۆ تیمی یەکێتی لەکەرکوک لەڕووی خزمەتگوزاری و مامەڵەی سیاسی و نەتەوەیی و خۆگونجاندنی کوردو پێکھاتەکانی تر.
نکۆڵیش لەوە ناکات کە لەڕابردوو دژی ئەو جۆرە سیاسەتەی یەکێتی بووە لەکەرکوک، بەڵام دەڵێت: لەئێستادا دان بەوەدا دەنێم کە بە سیاسەتێکی ژیرانە کەرکوک و کوردی ئەو شارەیان پاراستووە لە لەناوچوون و ئاشووب و خزمەتێکی باشی شارەکەش دەکەن.
فەرماندەکەی پارتی ئومێد دەخوازێت هەمان ئەزموونی سیاسەت و هیممەتی یەکێتی لەکەرکوک بگوازرێتەوە بۆ شارو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و دەڵێت: ھیوادارم ھەمان سیاسەتی ئەو تیمەی کەرکوک بگیرێتەبەر لەشارەکانی ھەرێم، بۆ خزمەتکردنی خەڵک و جیاوازی نەکردن لەپێکەوەژیان و ڕاییکردنی کاروبارەکانی ھاووڵاتیان.