ديلان غفور
plus4
پێش ٢ مانگ

دیلان غەفور ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەفراكسیۆنی یەكێتی بە پڵەس فۆڕی ڕاگەیاند: بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بۆ دەركردنی فەرمانی سالار، بەمەبەستی ڕاگرتنی سێ‌ یاساكەی (لێبووردنی گشتی، هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی بەعس و هەمواری باری كەسێتی)، تەواو یاساییە.

ڕوونیشیكردەوە: دەركردنی فەرمانی وەلائی لەلایەن دادگاوە بۆ ئەوەیە كە كاتی لەبەردەستدا بێت بۆ دیراسەت كردنی بابەتەكان، بەتایبەت كە یاساكان پەیوەندییان بەهاوسەرگیری و ئازادكردنی زیندانیانەوە هەیە، گەر تێبپەڕێندرێت، ناتوانرێت بگەڕێندرێتەوە بۆ بەر لەبڕیارەكە.

بۆیە لەم بابەتانە كە تایبەتمەندیی خێرای هەیە، دادگا ناچار دەبێت بەڕاگرتنی جێبەجێكردنی بڕیارەكان، تا دیراسەتكردنی تەواو بۆ بابەتەكان و یەكلاكردنەوەیان.

ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی ئەوەشی خستەڕوو: ئێستا بەشێك لەلایەنەكان كە ڕەخنە لەبڕیارەكەی دادگا دەگرن، پێیانوایە نایاساییە، چوونكە فەرمانی وەلائی كاتێك دەردەچێت كە یاساكە چووبێتە بوواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام لەم ئەم سێ‌ یاسایە كە بە یەك پاكێج دەنگیان لەبارەوە دراوە، یەكێكیان هەر لەگەڵ دەنگدان لەبارەیەوە كارایە.