
plus4
پێش 3 مانگ
شارەزایەکی بواری کەشناسی باس لە هاتنی دوو شەپۆلی دیکەی بەفروباران دەکات و دەڵیت پێشبینی دەکرێت لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو بەفروباران سەرتاسەری ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و کەرکوک بگرێتەوە.
هەڤاڵ سەدیق گەڵۆزی، شارەزای بواری کەشناسی لە نوێترین پێشبینییەکانیدا پێی وایە، لە 10 ڕۆژی یەکەمی مانگی شوباتی داهاتوو، دوو شەپۆلی بەفروباران ناوچەکە دەگرێتەوە و پێشبینی کردووە لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو سێشەممە لەسەر چوارشەممە شەپۆلێکی بەفروبارانی زۆرباش سەرتاسەری ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.
ئاماژەشی بەوە داوە، لەگەڵ هاتنی ئەو شەپۆلی بارانبارینە بارستەهەوایەکی ساردی جەمسەری دادەبەزێتە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، سۆران و ڕاپەڕین) پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزین بەخۆیەوە دەبینێت و پێشبینی دەکرێت شەپۆلێکی تری چڕی بەفربارین ناوچە شاخاوییەکان بگرێتەوە، هاوشێوەی شەپۆلی بەفربارینەکەی 20/1/2025 کە پێشبینی دەکرێت بەفر لەهەندێ سەنتەری شاروشارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان ببارێت
دەشڵێت ئەگەر هەیە لە شەپۆلی دووەم بەهۆی قوڵبوونەوە و بەهێزی بارستە هەوای ساردی جەمسەری بۆ ناوچەکانی باکووری کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تورکیا، ئێران و وڵاتانی شام بەفر لە بیابانەکانی ئەنبار ڕۆژئاوای هەولێر ببارێت.