
ئاژانسی هەواڵی plus4
پێش ٢ هەفتە
دوای ئەوەی لەژوری نەشتەرگەری نەخۆشخانەیەكی حكومی كەركوكدا، لەنێوان دوو پزیشك گرژی رودەدات و دەگاتە شەڕە بۆكس، دادگای كەركوك داوا دەكات پشكنینی خواردنەوە حكولییەكان لەخوێنی پزیشكەكەدا بكرێت بەڵام ناوبراو ئامادەی پكشنین نییە.
ئەمڕۆ پزیشكێكی پسپۆڕی نەشتەرگەری كە گومان دەكرێت بەسەرخۆشی چوبێتە دەوام، چونكە لەچونە ژورەوەی بۆ نێو گەرانی نەخۆشخانەكەی، دەبێتە هۆی قەرەباڵغییەكی زۆر و دواتر دەكەوێت و قاچی دەڕوشێت.
ئەمڕۆ نەشتەرگەری هەبوە و دوای ئەوەی كارمەندەكان هەڵسوكەوتی پزیشكەكە دەبینن كە تەواو نییە، دەكەونە گومانەوەو لەترسی ژیانی نەخۆشەكەی ژێر دەستی، پزیشكێكی تر ئاگادار دەكەنەوە تاوەكو نەشتەرگەرییەكە تەواو بكات بەڵام گرژی رودەدات و بەوتەی شایەتحاڵەكان، گەیشتووەتە ئاستی شەڕە بۆكس لەژوری نەشتەرگەریدا.
دواتر بەڕێوەبەری تەندروستی كەركوك هاتووە و بەهەر نرخێك بوە، قەناعەتیان بەپزیشكەكە كردووە كە ژوری نەشتەرگەری بەجێبهێڵیت، تاوەكو رێوشوێنی یاسایی گیراوەتەبەر و فەرمانی دادوەر بۆ پشكنینی دڵنیابونەوە لەبونی مادەی حكولی لەخوێنی پزیشكەكە وەرگیراوە، ناوبراو نەخۆشخانەی بەجێهێشتووەو وەڵامی كەس ناداتەوەو ئامادەش نییە لەدادپزیشكی بۆ پشكنینەكان ئامادەبێت.