
ئاژانسی هەواڵی plus4
پێش ٢ مانگ
مەكتەبی ڕێكخستنی پارێزگای كەركوك _ گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەراگەیەندراوێکدا، هەڵوێستی فەرمی حزبەکەی لەبارەی بونی پارێزگارێکی کورد لەکەرکوک ئاشکرا دەکات و دەڵێت: "تا کۆتایی لەدژی ئیدارەی کەرکوک لەگەڵ هاوبەشەکانمان بەردەوام دەبین."
پارتی هێرش دەکاتە سەر دادگای کارگێڕی عێراق و گومان دەخاتە سەر بڕیارەکەی کە لەبەرژەوەندی چەند لایەنێک داوێتی و شەرعیەتی بە رێبوار تەها وەک پارێزگاری کەرکوک داوە.
مەکتەبی رێکخستی کەرکوکی- گەرمیانی پارتی رونیدەکاتەوە کە بڕیارەکە پێشێلکارییەکی ڕوونی بنەماکانی دادپەروەری و سەروەریی دەستور و یاسایە و وەک پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیارەکە بە پێشهاتێکی مەترسیدار دەزانن.
لەراگەیەندراوەکەدا هاتووە کە پارتی دیموکراتی کوردستان وەک داكۆكیكاری شەراکەتی نیشتمانی ڕاستەقینە دەمێنێتەوە، درێغی ناکات لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانی پارێزگای كەركوك بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری و بەشداریی و شەراكەت، بۆیە بەئەركی خۆمانی دەزانین كە دەنگمان بخەینە پاڵ دەنگی ناڕەزایەتیەكان لەبەرامبەر ئەو بڕیارە و پشتگیری تەواوی سەرجەم ڕێكارە یاسایی و دەستورییەكان بكەین لەپێناو راستكردنەوەی ئەو هەڵەیە و هەڵگرتنی ئەو زوڵمەی لە ئیرادەی دەنگدەرانی پارێزگاكە دەكرێت.