
ئاژانسی هەواڵی plus4
پێش 5 مانگ
لەوەڵامی plus4دا، سەبارەت بە 7 هەزار گرێبەستەکەی کەرکوک و هۆکاری دواکەوتنی ڕاگەیاندنەکەی، ڕێبوار تەها؛ پارێزگاری کەرکوک ڕایگەیاند: لەبەر چەند هۆکار تائێستا کاتی ڕاگەیاندنی ئاشکرا نەکراوەو ئەو گرێبەستە ڕاگیراوە.
ڕێبوار تەها؛ هۆکارەکانی بۆ plus4 ڕووندەکاتەوەو ئاشکرایدەکات کە بەشێوازێکی تر کار بۆ ڕاگەیاندنی ئەو گرێبەستانە دەکەین.
پارێزگاری کەرکوک دەڵێت: لەلایەن لیژنەی پەروەردەی ئەنجومەنی پارێزگاوە، کار بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێکی گونجاو دەکرێت تا وانەبێژانی خۆبەخش ڕێژەیەکیان لەدامەزراندنەکە پێبدرێت، ئەمەش کارەکانی درێژەیان کێشاوەو ڕاگەیاندنەکەیان دواخست.
وتیشی: هیچ خۆبەخشێک فەرمانی کارگێڕیی نییە، ئەمەش هەڵبژاردنی بەشێک لەخۆبەخشەکان ئاڵۆز دەکات، چوونکە یەک پێوەری دیاریکراو لەبەردەستدا نییە.
هۆکارێکی تریشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە لینکەکە گرفتی تێدابووەو پێویستی بەچاککردن و زیادکردنی چەند بەشێک هەبووە کە لەئێستادا کاریان تێدا دەکرێت.
کۆتا هۆکاریش ئەوە بووە کە لەبەغداوە لەمپەر بۆ دامەزراندنەکە دروستکراوەو لەئێستادا هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو ڵەمپەرانە دەدرێت، پاش چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەش، ڕاستەوخۆ لینکەکە ڕادەگەیەنرێت.