دیلان غەفور
plus4
پێش 11 مانگ

پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی یەکێتیی لەبارەی بێبەشکردنی کەرکوک لە تاپۆکردنی خانوە زیادەڕۆکان هەڕەشەی پەنابردن بۆ دادگای فیدراڵی دەکات.

دیلان غەفور ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتیی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە plus4ی راگەیاند: دژی بێ بەشکردنی کەرکوک لەتاپۆکردنی خانوە تەجاوزەکان، هەڵوێستیان دەبێت و لەدادگای فیدراڵی تانە لەبڕیارەکە دەدەن.

وتیشی، جیاکردنەوەی کەرکوک و بێ بەشکردنی لەو بڕیارە، بابەتێکی سیاسی و حزبییە، هەرگیز مایەی قبوڵکردن نییە.

لەدوا دانیشتنی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاردرا هەموو ئەو خانوانەی لەسەر زەوی و ئەملاکی شارەوانی لەبەغدا و پارێزگاکان دروستکراون، بەتاپۆ بکرێن دوای ئەوەی لەلایەن لیژنەیەکەوە نرخی زەوییەکە دیاری دەکرێت و لەخاوەن خانوەکە وەردەگیرێت، بەڵام کەرکوک لەبڕیارەکە بێ بەشکراوە.

بەپێی زانیارییەکانی plus4، بەفشاری خالید شوانی وەزیری دادی عێراق، بڕیاردراوە لیژنەیەک لەوەزارەتی شارەوانی و ئیدارەی کەرکوک پێکبهێنرێت و دوای ئامادەکردنی راپۆرتێک، لەبارەی کەرکوکیشەوە بڕیار بدرێت.

پڕۆژەکە لەلایەن بەنگین رێکانی وەزیری شارەوانییەکانی عێراق لەپشکی پارتی ئامادەکراوە، هەر ئەویش تاپۆکردنی خانوە تەجاوزەکانی کەرکوک لەبڕیارەکە بێ بەشکردووە.