ئاژانسی هەواڵی plus4
پێش 3 هەفتە
سەردانەكەی مەسرور بارزانی و شاسوار عەبدولواحید بۆ توركیا بێ هۆكارو بێ داواكاری نەبوو، ئەوان بەكۆمەڵێك داواكاریی مەترسیدارەوە گەیشتنە بەردەم ئەردۆغان كە مەترسیدارترینیان كاركردنە بۆ لابردنی پارێزگاری كەركوك لەپۆستەكەی.
سەرچاوەیەكی تایبەت بە plus4ی ڕاگەیاند: لەسەردانەكەیاندا بۆ توركیا، هەریەك لە مەسرور بارزانی و شاسوار عەبدولواحید، داوایان لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا كردووە، كاری جدی بكات تا وا لە دادگای كارگێڕیی بكات بڕیار لەدژی ئیدارەی ئێستای كەركوك بدات و كار بۆ هەڵوەشاندنەوەی بكات و پارێزگاری كەركوكیش لەپۆستەكەی دووربخرێتەوە.
بەپێی وتەی ئەو سەرچاوە تایبەتە، هەریەك لە مەسرور بارزانی و شاسوار عەبدولواحید، بەپەروشەوە داواكارییەكەیان گەیاندووەتە بەردەم ئەردۆغان و لێپرسراوانی باڵای توركیا، تا ئەنجامی كۆبوونەوەكەی ئۆتێل ڕەشیدی شاری بەغدا هەڵبووەشێننەوە كە تیایدا ئیدارەی ئێستای پارێزگاكەی لێ پێكهات.
بەپێی زانیارییەكانی سەرچاوەكە، جێگری سەرۆكی پارتی و سەرۆكی نەوەی نوێ، داوایانكردووە ئەردۆغان كاری جدی بكات بۆ ئەوەی دادگای كارگێڕیی بەغدا ناچار بكات، لەدانیشتنی هەفتەی داهاتووی خۆیدا بڕیارەكانی بیەدڵی ئەوان و دژی ئیدارەی ئێستای كەركوك بێت و ئیدارەكە هەڵبووەشێندرێتەوە، ئەمە وێڕای لەسەركار لابردنی ڕێبوار تەها پارێزگاری كەركوك.