تاوانبار
plus4
پێش ڕۆژێک

دوای ئەوەی ئەمڕۆ یەکشەممە، هاوڵاتییەکی خەڵکی کەرکوک دوای 5 رۆژ لەبرینداربونی بەڵام بەهۆی جەڵتەوە گیانی لەدەستدا، کەمێک پێش ئێستا کۆماندۆی هێزی پێشمەرگە تۆمەتباری روداوی تەقەکردنەکەی رادەستی پۆلیسی کەرکوک کرد کە بەهۆیەوە ئەو هاوڵاتییە بریندار ببوو.

روداوەکە شەوی سەری ساڵ لەگەڕەکی ئازادی شاری کەرکوک رویداوە، شەڕ دروستبوەو کەسێک تەقەیکردووە بەهۆیەوە فیشەک بەر قاچی هاوڵاتییەک کەوتبوو کە دوای 5 رۆژ مانەوەی لەنەخۆشخانە، بەهۆی تووشبونی بە جەڵتە گیانی لەدەستداوە.

قوربانییەکە ناوی ( نەبەز بەکر شوانی ) تەمەن 39ساڵە، و پیشەی پێشمەرگە بوە.

دوای دەرچونی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تۆمەتباری روداوی تەقەکردنەکە، ئەمڕۆ هێزی کۆماندۆی پێشمەرگە لەچوارچێوەی هەماهەنگییەکانیان لەگەڵ هیزە ئەمنییەکانی عێراق، تۆمەتبارەکەیان دەستگیرکردو رادەستی پۆلیسی کەرکوکیان کرد تاوەکو بدرێتە دادگاو سزای یاسایی خۆی وەربگرێت.

سەرچاوەیەک لەکۆماندۆ بە plus4ی راگەیاند: هێزی کۆماندۆ وەک هێزی پاراستنی سەرو ماڵی هاوڵاتیان، پابەندە بە یاسا و بڕیارەکانی دادگا و لەو پێناوەشدا قوربانییەکی زۆری داوە، هیچ جۆرە سەرپێچییەک لەهیچ کەس قبوڵ ناکات تەنانەت ئەگەر کەسی تۆمەتبار کارمەندو ئەفسەری خۆشی بێت.

وتیشی، هەر لەو چوارچێوەیەدا ئەو کەسەی بەروداوی تەقەکردنە تۆمەتبار دەکرێت بەناوی ( ب.ع.ع ) رادەستی پۆلیسی کەرکوک کراوە.