زانكؤى كةركوك
ئاژانسی هەواڵی plus4
پێش 4 مانگ

 

ئەمڕۆ لەتاقیكردنەوەكانی زانكۆی كەركوك رێگریكراوە خوێندكارانی كوردی كۆلێژی یاسا بەزمانی كوردی وەڵامی پرسیارەكان بدەنەوە، لەئێستادا خۆپیشاندان دەستیپێكردووە و پارێزگاریش دڵنیایی دەدات.
 

بەپێی نوسراوێكی وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی كە لە 12ی ئەم مانگە دەرچووە، وەڵامدانەوەو خوێندنی بەزمانی كوردی قەدەغەكردووە و لەبڕیارەكەشیدا پشتی بە ماددەی 11ی یاسای وەزارەتی خوێندنی باڵا بەستووە كە لەسەردەمی بەعسدا دەرچووە.

 

رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك بەتەلەفۆن قسەی لەگەڵ نوێنەری خوێندكاران كردو رایگەیاند:" لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا گفتووگۆكراوە و ئەنجومەنی پارێزگاش لیژنەیەكی بۆ پرسەكە پێكهێناوە و كێشەكە چارەسەركراوە و خوێندكاران دەتوانن بەهەر زمانێك بیانەوێت وەڵامی پرسیارەكان بدەنەوە".

 

ئەو یاسایەی وەزیری خوێندنی باڵا لەبڕیارەكەیدا پشتی پێی بەستووە، یاسای وەزارەتی خوێندنی باڵایە بەژمارە 40 بۆ ساڵی 1988 كە ئاماژە بۆ ئەوەدەكات "زمانی فەرمی زانكۆكانی عێراق عەرەبییە و زمانی كوردیش زمانێكی فەرمییە لەپاڵ زمانی عەرەبی بەڵام لەناوچەكانی حوكمی زاتی، ئەنجومەنی كۆلێژەكان دەتوانن بڕیار بدەن چەند مادەیەكی زانستی بەزمانی تر بخوێندرێت."

 

یاساكە بۆ سەردەمی بەعس دەگەڕێتەوە كە هەرێمی كوردستان هێشتا حوكمی زاتی بووە، تەواو پێچەوانەی دەستووری ئێستای عێراقە كە ئاماژە بۆ ئەوەدەكات زمانی كوردی لەتەواوی عێراق لەپاڵ زمانی عەرەبییدا دوو زمانی فەرمین نەك بەتەنها لەهەرێم.