پێش ٢ ساڵ
نەجیب فارس ئەو جوتیارە کاکەییەی پێش خۆرئاوابون زەویەکەی بێخەم بەجێهێشت چونکە پێی وابوو هێزە سەربازیەکان دەیپارێزن بەڵام دوای 30 خولەک ئاگر کردی بە قەرەبروت.
زەویەکەی نەجیب کاکەیی کەوتووەتە سنوری گوندی زەنقەری کاکەیی نشین، ئەمە سێیەم ساڵە لەسەر یەک ئاگری تێبەردەدرێت و دەسوتێنرێت.
نەجیب تا پێش خۆرئاوابون سەرقاڵی دروێنەی زەویەکەی بوو، دوای دەسهەڵگرتن لەکارکردن دەچنەوە ماڵەوە.. هێشتا پشوی نەدابوو ئاگر گەنمەکەی سوتاند.
بەهۆی روداوەکەی شەوی رابردووی سنوری ناحیەی تازەخورماتوو کە ژمارەیەک جوتیار لەکاتی دروێنەکردندا لەلایەن تیرۆریستانەوە کرانە ئامانج و شەهیدکران، ئەمڕۆ هێزە سەربازیەکان هەموو جوتیارەکانی داقوقیان ئاگادارکردەوە کە پێش خۆرئاوابون دەس لەکارکردن هەڵگرن.
بەوتەی پەیامنێری plus4 لەسنورەکە، تیمەکانی ئاگر کوژێنەوە تا کەمێک پێش ئێستا ئامادەنەبون بچنە شوێنی روداوەکەو داوای هێزی سەربازیان دەکرد گیانی کارمەندەکانیان بپارێزێت.
بەوتەی پەیامنێرەکە، هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵیش لەدەوری زەویەکە لەترسی خۆیاندا تەقە دەکەن و کەس ناوێرێت نزیک بێتەوە.
لەنێو ترس و رێوشوێنی هێزە سەربازیەکاندا، ئاگری زەویەکەی مام نەجیب فراوانتر دەبێت، پێناچێت تازە کەس بتوانێت ئەمساڵیش فریای گەنمەکەی کەوێت.