ئاژانسی هەواڵی plus4
پێش 4 ڕۆژ
بۆچی مووچەی مانگی 10ی فەرمانبەرانی هەرێم تائێستا دواکەوتووە ؟
حکومەتی هەرێم لیستی موچەی خانەنشینانی بەهاوتاکراوی ناردووە بۆ دارایی عێراق کە لەدوو مانگی پێش هەڵبژاردنەکان بێ ڕەزامەندیی بەغدا مووچەی شارستانیی خانەنشینانی هاوتاکرد.
پەرلەمانتار سۆران عومەر ئاشکرایکرد: ئێستا بۆ هەر مانگێک 56 ملیار دیناری پێویستەو داوای لەبەغدا کردووە بۆی بنێرێت، بەڵام بەغدا تا پێکهێنانی لیژنە هاوبەشەکە، بۆ هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینی، ناچێتە ژێرباری ئەو هاوتاکردنە کە هەرێم سەربەخۆ کردوویەتی.
وتیشی: بەهۆی چارەسەر نەکردنی کێشەی لیستەکانی مووچەی مانگی (10)، وەزارەتی دارایی عێراق (250) ملیار دیناری تر دەبڕێت، وەک چۆن لەمانگی ڕابردووش (130) ملیار دیناری بڕی.
حکومەتی عێراقیش دەڵێت: لەبەشە بوودجەی هەرێم کە یاسای بوودجە بۆی تەرخانکراوە 12.67%، هەرێم هیچ پارەیەکی تری نەماوە.
ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیکردەوە: بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کە بەغدای پابەندکردووە بەپێدانی مووچە بە تەوتين، ئاماژەی بە بەشە بوودجەی دیاریکراو کردووە بۆ هەرێم لەیاسای بوودجە، هەرێمیش داوا دەکات بەشی مووچەی مانگەکانی 10و 11و 12 گواستنەوەی بۆ بکرێت لە وەبەرهێنانەوە بۆ مووچە.
سۆران عومەر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە عێراق وتوویەتی: هەرێم کە دەبوو هەموو ڕۆژێک 400 هەزار بەرمیل نەوت بدات بە سۆمۆ، بەڵام هەرێم یەک لیتر نەوتی ڕادەست نەکردووە تائێستا هەرێم لە 10 مانگدا تەنها 320 ملیار دیناری داهاتی ناردووە بۆ بەغدا، کەچی بەغدا نزیکەی 7 تریلیۆن و 500 ملیاری بۆ مووچە ناردووە.
باسیشی لەوە کرد: کێشەکانی لیستی مووچە کە بریتی بوون لەپێنج خاڵ، چارەسەر نەکراون، دەشڵێت: پێویستە هەرێم مەترسی بۆ مووچەی ئەم سێ مانگەی کۆتایی ئەمساڵ دروست نەکات و لەداهاتی نەوت و ناوخۆ زامنی ئەو مووچانە بکات.