dana gaz
ئاژانسی هەواڵی plus4
پێش هەفتەیەک

کۆمپانیای دانە گاز لەراگەیەندراوێکدا دەڵێت: لەگەڵ کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی پێرڵ پێترۆڵیۆم پلانیان هەیە دەست بە کاری بونیادنان لە کێڵگەی گازی KM250ی کۆرمۆردا بکەنەوە.

 

دەشڵێت: لە رێگەی واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ وەبەرهێنەران، 350 ملیۆن دۆلاری بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە کۆکردووەتەوە.

 

کۆمپانیا ئیماراتییەکە بەرهەمی 9 مانگی رابردووی بڵاوکردووەتەوە، تێیدا ئاماژە بەوە دەکات، بەگشتی بەراورد بە 9 مانگی سەرەتای ساڵی رابردوو، قازانجەکەی لەهەرێمی کوردستان 11.3% کەمبووەتەوە و دابەزیوە بۆ 112 ملیۆن دۆلار، ئەوەش بەهۆی کەمبوونەوەی قەبارە و نرخی گازی پیترۆڵی شلکراو (LPG) و بەرهەمە هایدرۆکاربۆنییەکانی دیکە.

 

دانە گاز، گەورەترین کۆمپانیای گازی کەرتی تایبەت لە رۆژهەڵاتی ناوڕاست ئەوەشدەخاتەڕوو، نەوت و گاز و بەرهەمە هایدرۆکاربۆنییەکانی دیکەی کێڵگە گازییەکانی هەرێمی کوردستان، لە 9 مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا بە رێژەی 3% زیادیان کردووە و بۆ بڕی 38 هەزار و 200 بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا بەرزبووەتەوە؛ ئەوەش بەهۆی زیادبوونی خواست لەسەر گاز لەلایەن وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستانەوە.