كيم
ئاژانسی هەواڵی plus4
پێش هەفتەیەک

ئەمڕۆ بەرێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی کەرکوک، لەنووسراوێکدا فرۆشتن و مامەڵەکردنی بەجۆرە کێکێک بەناوی لایێڵ، (LAYEL) لەفرۆشگەی قوتابخانەکاندا قەدەغەکردو بەڕێوەبەرو مامۆستایان کرد ڕێگە نەدەن لەفرۆشگەی نێو قوتابخانەکانیاندا ئەو جۆرە کێکە مامەڵەی پێوەبکرێت.

 

بەپێی نووسراوەکەی پەروەردەی کەرکوک، ئەو جۆرە کێکە، جۆرێک حەبی تێدایە کە دەکرێت بۆ قوتابیان و خوێندکاران زیانبەخش بێت، بۆیە بڕیاردراوە ڕێگری لەفڕۆشتنی بکرێت و قوتابیانیش لەمەترسی و زیانەکانی ئەو کێکە ئاگادار دەکاتەوە، چوونکە جۆرێک حەبی زیانبەخشی تێدایە، بەڵام ئاماژە بەجۆرو پێکهاتەی حەبەکەو زیانەکانی نەکراوە.

 

پەروەردەی کەرکوک داواشدەکات هۆشیاری سەبارەت بەو جۆرە کێکەو زیانەکانی بدرێت بە بەڕێوەبەرو مامۆستایانی قوتابخانەو خوێندنگەکان و فرۆشیارانی فرۆشگەکانیان.

 

ڕوونیشیکردووەتەوە کە لێکۆڵینەوە بۆ دیاریکردنی کوالێتیی کێکەکەو سەرچاوەی هاتنە ژوورەوەی بۆ کەرکوک و نێو فرۆشگەی قوتابخانەو خوێندنگەکان دەکرێت.

 

پەروەردەی کەرکوک ئاشکرایدەکات کە لەنێو هەر پاکەتێکی کێکەکەدا، دوو حەبی ڕەنگ پەمەیی و سپی بەنووسین و ژمارەوە دۆزاوەتەوە، تیمێکی لێکۆڵینەوەش بۆ ئەو مەبەسەە دەستیانکردووە بەدیاریکردنی جۆری ئەو حەبانەی نێو کێکەکە.