عيماد احمد
عیماد ئەحمەد
پێش ٢ هەفتە

بێگومان سەرژمێری گشتیی لە هەر دەوڵەت و قەوارەیەکدا پێویستە بۆ رێکخستنەوەی کاروباری ئیداری و زانینی باری ئابوریی و مرۆیی و دیموگرافی و ژمارەی دانشتوان و پێکهاتە جیاوازەکانی وڵات. بە پێی سەرچاوەکان، لە دێر زەمانەوە و لە سەردەمی سۆمەرییەکانەوە سەرژمێریی کراوە بۆ زانینی ژمارەی لاوان و فراوانکردن و بەهێزکردنی لەشکرەکەیان و بۆ زانینی ژمارەی دەوڵەمەند و کاسبکار و پیشەوەر و جوتیار ،بە ئامانجی وەرگرتنی باج و زیادکردنی داھات و دەرامەتی خەزێنەی دەوڵەتەکەیان. لە عیراقی ژێردەستی ئینگلیز لە ساڵی (1927) یەکەم سەرژمێری سەرەتایی بەشێوەیەکی کرچوکاڵ ئەنجام دراوە، بە هۆی هەڵەی زۆرەوە، دەرئەنجامەکەی لە لایەن حکومەتەوە کاری پێ نەکراوە. لە ساڵی (1934)سەرژمێرییەکی تایبەت بۆ ئەو کەسانەی دەتوانن بەشداریی هەڵبژاردن بکەن یان ئەوانەی دەتوانن ببن بە سەرباز لە عیراقدا کراوە. هەروەها لە ساڵی (1947) بەشێوەیەکی باشتر و بەئامرازی پێشکەوتوو بەراورد بەو رۆژگارە، سەرژمێریی لە سەرتاسەری عیراقدا ئەنجام دراوە، بریاریش وابووە هەر ( 10) ساڵ جارێک سەرژمێریی ئەنجام بدرێت و لە ساڵی (1957) سەرژمێرییەکی جیاواز لە ئەوانەیتر ئەنجامدراوە، ئەمەش تا ئەمرۆ بووتە سەرچاوەیکی سەرەکیی لە وڵاتدا و پشتی پێ بەستراوە. دوا سەرژمێریی لە عێراقدا ساڵی (1997) بوو، رژێمی بەعس ئەنجامیداوە بە بێ بەشداریی هەرێمی کوردستان، ئەمەش بووە مایەی شکست و سەرنەکەوتنی لە ئاستی دەرەوە و ناوەوەدا. دوای رووخاندنی رژێمی سەدام و دروستبوونی عیراقی فیدرال، چەند جارێک هەوڵی سەرژمێریی سەرتاسەریی دراوە لەلایەن کابینە یەک لە دوای یەکەکانی حکومەتی عیراقی فیدراڵەوە، بەڵام بە هۆی باری نائاسایی و ھەبونی ململانی سیاسی و نەبوونی بودجە و پەتای کورۆناوە دواخراوە. ئێستا کابینەی محەمەد شیاع سودانی بۆ مەرامی شاراوەی سەرۆک وەزیران، دەیەوێت سەرژمێریی سەرتاسەریی لە(20 - 21)ی مانگی یانزەی ئەم ساڵ لە عێراقی فدراڵدا ئەنجام بدات کە بێگومان بەھیچ شێوەیەک لەبەرژەوەندیی گەلی کوردستاندا نیە، بەتایبەتی لە دۆخی نالەباری ناوچە کوردستانییە کێشە لەسەرەکان. بۆیە پێویستە سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان لە ئاستی لێپرسراوێتیی مێژوویی خۆیدا بێت و بەدەستە جەمعی دوور لە ململانێی سیاسی و بەرژەوەندیی تایبەت و حزبیی، هەوڵی چارەسەرکردنی ئاشتیانەی بدات و کورد لە گۆڵمەزێکی تر رزگار بکات. بە هۆی سیاسەتی نادروست و هەڵەی ئەم چەند ساڵەی دوایی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و غیابی رەوانشاد مام جەلال لە سەر گۆرەپانەكە و بێباکی و فرسەت تەلەبی هەندێ لایەنی سیاسی لە عیراقی فیدراڵدا، تەرازوی هێز گۆراوە بە شێوەیەک هەرێم کەم دەسەڵات و ناوەند پر دەسەڵاتە، شەریکایەتی دەستوریش لەئەرزی واقیعدا گۆردراوە بۆ شەراکەتی نێوان دوولایەنی نا هاوتا، لە ھەمان کاتدا هەرێمی کوردستان گیرۆدەی قەیرانی ئابوریی و سیاسیی خەتەرناک بووەتەوە، وێڕای نەمانی متمانەی خەڵک بە دەسەڵات، حکومەتیش کاربەرێکەرە و پەرلەمانی نوێش دەسبەکار نەبووە و تەنانەت تای بانگەشەش لایەنەکانی بەرنەداوە، ئەوە سەرەڕای دابەشکاریی ناوخۆ و دەست تێوەردانی دەوروبەر، کەچی ئالەم بارودۆخە ئاڵۆز و خەتەرناکەی هەرێمدا، حکومەتی بەغدا دەیەویت لە ( 20 /11 / 2024) سەرژمێری گشتیی لە سەرتاسەری عێراقی فیدراڵدا ئەنجامبدات. راستە سەرژمێری گشتیی پێوستە بۆ چارەسەرکردنی کۆمەڵێک کێشە و دانانی ستراتیج و پلانی ئایندە بۆ هەر وڵاتێک بەڵام کەی و چۆن ..!؟ ئایا لەم هەلومەرجەی ئیستادا لە قازانجی کوردە یان لە زەرەری ئێستا و ئایندەمانە؟! ئاشکرایە ناوچە کوردستانیە کێشەلەسەرەکان لە دوای شەڕی داعش و ( 16)ی ئکتۆبەرەوە توشی دەیان کێشەی دیموگرافی و ئیداری و سیاسیی بوونەتەوە بەم سەرژژمێرییە توشی کارەساتی نیشتیمانی و نەتەوەیی دەبنەوە چونکە زەمینەسازیی و خۆئامادەکردنی باش و تۆکمەی لەلایەن خۆمانەوە بۆ نەکراوە، بۆیە سەرژمێرییەکە دەبێتە تاپۆی رەشی عوسمانیی لە دەستی نەیارەکانی کوردا و دەبێتە (عقب ئاخیل) بۆ ماددەی ( 140 )دەستور و بۆ هەرێمی کوردستانیش دەبێتە بەڵایەک بۆ رێژەی کورد لەسەر ئاستی عیراق و رەنگدانەوەی نەرێنی لە داهات و موازەنەی ساڵانەی ناوەندی عیراق و ژمارەی نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عیراقدا دەبێت کە قەرەبووکردنەوەیان مەحاڵە. راگرتنی ئەم سەرژمێرییە ئەرکێکی ئێجگار گرنگ و چارەنوسسازە، بۆیە پێویستە بە پەلە و بێ دواکەوتن، هەموو لایەنە سیاسەکانی کورد بەبێ جیاوازیی، هەڵوێستی سیاسیان یەکبخەن و یەک دەنگ و یەک بڕیاربن بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و قورسایی خۆیان و دۆستەکانیان بخەنە گەڕ لە بەغدا چ لەناو پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکایەتی کۆمار و دادگای ئیتحادی و چ لەگەڵ مەرجەعیەت بە ئامانجی راگرتنی و دواخستنی پڕۆسەی سەرژمێریی بۆ کاتێکی تری گونجاو . بۆ ئەم مەبەستە پێشنیار دەکەین ھەتا کارلەکار نەترازراوە، زووبەزوو وەفدی هونەریی و ئەکادیمیی لە هەرێمەوە سەردانی بەغدا بکات و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەم بوارە کۆببێتەوە و بۆچونی ھەرێمی کوردستان بە روونی بگەیەنن و کەموکوڕیی و ئاسەوارە خراپەکانی پرۆسەکە پێشوەختە بخەنەڕوو بۆئەوەی چارەسەرێکی پێکەوەیی گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە. دەشێت بێجگە لە وەفدی حکومی و وەفدی حزبی و وەفدی میللی و جۆربەجۆرتر بۆ هەمان مەبەست و بە مەبەستی رێگریی لەو پڕۆسە ناوختە سەردانی بەغدا بکەن، خۆ ئەگەر ئەمەش سەری نەگرت و بەغدا بە فرسەتی بزانێت ئەمری واقیعێکی دیکە بەسەر ھەرێمی کوردستاندا بسەپێنێت، ئەوا پێویستە هەرێم و تەواوی خەڵکی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم بە یەک دەنگ و بە یەک هەڵوێست بایکۆتی سەرژمێرییەکە بکەن و نەهێڵن ئەو پڕۆسەیە وەکو ئەمری واقیع سەرکەوێت و سەربگرێت ھەر وەکو چۆن سەرژمێرییەکەی بەعس لەساڵی(1997) بەبێ ھەرێمی کوردستان توشی شکست ھات. لە کۆتایدا دەڵێم ؛ "اللهم اني قد بلغت اللهم فأشهد"