لهیبان
plus4
پێش ٢ ساڵ

ئه‌و هێزه‌ی میحوه‌ری شه‌شی پێشمه‌رگه‌ كه كۆتایی ساڵی رابردوو بۆ پاراستنی گونده‌كانی سه‌رگه‌ڕانی رۆژئاوای كه‌ركوك له‌نزیك هێزه‌كانی عێراق جێگیركران، ئێستا ده‌ستیان به‌سه‌ر بیره‌ نه‌وتێكی كۆمپانیای نه‌وتی باكوردا گرتووه‌ و تیمێكی هونه‌ری وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كانی هه‌رێمیش سه‌رقاڵی كاری وه‌به‌رهێنانن تێیدا.

 

لەچەند رۆژی رابردوودا كۆمپانیای نەوتی باكور لەراگەیاندراوێكدا، هەرێمی كوردستانی تۆمەتباركرد بە دەستگرتن بەسەر بیرە نەوتێكی كۆمپانیاكە لەسنوری رۆژئاوای كەركوك، كە تیمێكی هونەری بەپاڵپشتی هێزێكی چەكدار هاتوونەتە سەر بیرەكە و سەرقاڵی دەرهێنانی نەوتن.

 

لەبەدواداچونێكی plus4دا بۆ یەكەم جار زانیاری ورد لەبارەی بیرە نەوتەكە و وردەكاری دەستگرتن بەسەریدا ئاشكرادەكات.

 

ماڵپەڕی plus4 زانیوێتی، دوای ئەوەی مانگی 12 ( كانونی یەكەم)ی ساڵی رابردوو، هێزێكی میحوەری شەشی پێشمەرگە  كە لەلایەن سیروان بارزانیەوە فەرماندەیی دەكرێت لەگەڵ سوپای عێرق لە دەوروبەری گوندی لهێبانی سەر بەقەزای دووبزی رۆژئاوای كەركوك جێگیركران، ده‌ستیان گرتووه‌ به‌سه‌ر بیرە نەوتی ژمارە (92)ی وێستگەی داوودی كۆمپانیای نەوتی باكور كه‌ كەوتووەتە پشتی سه‌نگه‌ره‌ نوێكانیانه‌وه‌.

 

بەپێی زانیارییەكان، لەم ماوەیەی دواییدا تیمێكی هونەری وەزارەتی سامانه‌ سروشتیه‌كان هاتووەتە سەر بیرە نەوتەكە و تێستیان كردووە تاوەكو بزانن ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتەكەی چۆنە بۆ ئەوەی كاری وەبەرهێنانی تێدا بكەن.

 

سەرچاوەیەك لەكۆمپانیای نەوتی باكور تەواوی زانیارییەكانی بۆ plus4 پشتراستكردەوە و وتی " لەبنەرەتدا ئەو بیرە نەوتەی هەرێم دەیەوێت بەرهەمی نەوتەكەی بەرێت، پێشتر لەلایەن كۆمپانیای نەوتی باكورەوە بەجێهێڵدراوە چونكە نەوتەكەی كەمیكردووە و بەكەڵك نایات ."

 

دوای ئەوەی لەسەرەتای مانگی كانونی یەكەمی ساڵی رابردوودا، چەند جارێك تیرۆریستانی داعش پەلاماری گوندەكانی ( خدرجیجە و لهیبان )ی دا بەهۆیەوە نۆ پێشمەرگە و سێ گوندنشین شەهیدبون.

 

دواتر مسته‌فا كازمی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزە چەكدارەكان سەردانی گوندی خدرجیجەو لهیبانی كرد لەناوچەكانی كەندیناوە و سەرگەڕان، فەرمانیكرد هێزی پێشمەرگەو سوپای عێراق بەهاوبەشی ناوچەكە بپارێزن، هه‌ر ئه‌و كاته‌ش به‌رێككه‌وتنی سیروان بارزانی فه‌رمانده‌ی میحوه‌ری شه‌شی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق هێزه‌كانی هه‌ردولا له‌ناوچه‌كه‌ جێگیركران.

 

لەچەند رۆژی رابردوویشدا كۆمپانیای نەوتی باكور رایگەیاند: تیمێكی هونەری حكومەتی هەرێم بەپاڵپشتی هێزێكی چەكدار هەڵیانكوتاوەتە سەر بیرە نەوتێكی كۆمپانیای نەوتی باكور، ئەو رێوشوێنانەشی بە نادەستوری وەسفكرد.

 

دواتریش جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێم راگەیاندراوەكەی كۆمپانیای نەوتی باكوری رەتكردەوە، و وتی " حكومەتی هەرێم ئەو تۆمەتانە رەتدەكاتەوە كه‌ دەستی بەسەر كێڵگەكانی بای حەسەن و داود كوركی پارێزگای كەركوكدا گرتبێت ."