نيركز قادر
نێرگز قادر
پێش مانگێک

هەمواری یاسای باری كەسێتی لە عێراق گفتووگۆی زۆری دروستكردووە، رێكخراو و چالاكوانانی مافەكانی ژنان لەم بابەتە نیگەرانن، مافی هەموو دایك وباوكێكە دژی ئەم یاسایە بوەستنەوە چونكە لەڕوی ئاینیی و كۆمەڵایەتییەوە رێگە پێدراو نییە و دەرەنجام خێزانەكان بەرەو ئاراستەیەكی خراپ دەبات.

 

كچ لەتەمەنی 9 ساڵیدا هێشتا خێزانەكەی خۆی بە باشی نەناسیوە، كچان لەو تەمەنە هێشتا بەدوای بوكەشوشەی نوێدا دەگەڕێن، ئەوان بەرپرسیارێتی خێزان نازانن كە هەمووان دەزانن خێزان چی بەرپرسیارێتییەكی گەورەیە، ژنانیش پشكی گەورەیان لەو بەرپرسیارێتییە بەركەوتووە.

 

بۆیە ناكرێت كچان لەپێناو حەزو ئارەزوەكانی بەشێك لەپیاوان ببنە قوربانی، من چاوەریم دەكرد یاسای باریی كەسێتی چارەسەری ئەم دۆخەی ئەمڕۆ بكات كە دادگاكانمان پربون لەكێشەی جیابوونەوە و تەنانەت رێژەی  هاوسەرگیریش كەمی كردووە و ژیانی هاوڵاتیان پربووە لە بێكاری.

 

دەبوو یاساكە بگۆڕدرێت، هاوسەرگیری گونجاو بۆ تەمەنی ٢٥ساڵ قبوڵ بكرێت، ئیمە نابێت بیرمان بچێت عێراق وڵاتێكی پڕ لە جەنگ بووە كە بەهۆیەوە رێژەیەكی زۆر لەژنان بێ هاوژینن، ئەگەر ئەم یاسایەش سەركەوتوو بێت و پەسەند بكرێت، كە ژن بە مسیار زواج بكات و نەفەقەی نەبێت و لە مافی خۆی خۆش بێت، ئەوە جیابوونەوەی هاوسەرگیری زۆر ئاسانتر رودەدات، عێراقێكی نەزۆك وپر لە بێ هاوژین و خێزانی هەڵوەشاوە دەبێت، بۆیە پێویستە خێزانەكان و كۆمەڵگە بەگشتی و حكومەت بەتایبەتی  ئەم جۆرە یاسایە قبوڵی نەكات، با لێگەڕێین كچەكانی عێراق لەمنداڵی خۆیاندا بژێن.