plus4
پێش 3 مانگ
زیاتر لە (26%)ی عێراقییەكان كرێچین و وڵاتەکە پێویستیی بە (4) ملیۆن یەكەی نیشتەجێبوونە
فازل غەراوی سەرۆكی سەنتەری ستراتیجی مافەكانی مرۆڤ لە عێراق ئاشکرایکرد: زیاتر لەیەك لەسەر چواری هاووڵاتیانی عێراق كرێچین یا لەخانووی زادەڕۆدا دەژین.
غەراوی دەڵێت: سەرجەم پارێزگاكانی عێراق بەدەست كەمیی یەكەی نیشتەجێبونەوە دەناڵێنن لەئەنجامی خراپیی دۆخی ئابووریی خێزانەكان لەسایەی بەرزیی ڕێژەی بێكاری و هەژاری و داتەپینی بەهای دراوی نیشتمانی.
ڕوونیشیکردەوە: سەرباری دەستپێشخەریی حكومەت لەبارەی دروستكردنی (120) هەزار یەكەی نیشتەجێبوون كە بەسەر چوار پارێزگادا دابەشدەبێت، بەڵام عێراق هێشتا پێویستی بە (4) ملیۆن یەكەی نیشتەجێبوونی تر هەیە.
ئەمە لەکاتێکدایە تێكڕای خاوەندارێتیی موڵكداریی خانووبەرە لەعێراق کەمترە لە (74%)، بەڵام زیاتر لە (26%) کە پترە لەچارەكی عێراقییەكان، لەخانووی كرێ یا یەكەی نیشتەجێبوونی زیادەڕۆو بێ تاپۆدا دەژین، لەکاتێکدا عێراق یەكێكە لەدەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهان لەڕووی سامانی نەوتەوە.
غەراوی نایشارێتەوە کە شارەکان ساڵانە بەڕێژەی (3%) داواکارییان بۆ یەکەی نیشتەجێبوون بەرزدەبێتەوە، بەگشتی عێراق تاساڵی (2027) پێویستیی بە (4) ملیۆن یەكەی نیشتەجبوون هەیە.