ستران عەبدوڵا
پێش 4 مانگ
- لە کوێ بەرژەوەندیی دوژمن بخوازێ و لە چی جێیەک نەیار داشی سوار بێت، تارمایی تۆی لێیە. ئیتر چۆن باوەڕ بە زاری شیرینت بکەین؟
- لە هۆڵی چۆلی دوای هەر کۆبوونەوەیەک لەسەر مێزەکان سەرەقەڵەمی ئیمزا و لەناو زبڵدانی گۆشەی ژوورەوە رەشنووسی رێککەفتن و هەماهەنگی و پاشقولگرتنت بەجێماوە.
(تا بڵێن شێخ عابدە)*
چاوی پڕ فرمێسکە و دەستی سوورە بە خوێنی قوربانییەکان.
ئەمە وەسفی حاڵی چیرۆک و داستانەکانی میلۆدراما نییە، ئەمە وەسفی کۆمیدیای سیاسییە لە کوردستانی رەسمی بە بەشە ساغنەبۆوەی کەرکوکیشەوە.
بە بەیان و بەلاغ و لێدوان بێ هیچیان نەهێشتۆتەوە، نیشتمانپەروەری عەیار بیست و چوارن و لە حەیسیاتی قەومی و ئیحساساتی وەتەداشیدا لێیان دەرژێ و دەتوانن بەشی خەڵکیش بدەن.
ئەمما عەرەب گوتەنی شەیتان لە وردەکاریدایە.
دایمە و دەرهەم بۆ بەشی میدیای زەبەلاحی رەسمی و میدیای پەناوپەسێوی تۆڕە کۆمەڵایەتییە کۆنترۆڵکراوەکان شرۆڤەکاری دەمامکدار و نەناسراو و راوێژکار و ، کابرای سنەیی گوتەنی (ئەلقابگەل شیرینیان)، هەس کە تۆمەت ببەشنەوە و ئۆپراسیۆنی پەخشاننووس و گاڵدانی زانیاریی ناڕاست و نا دروست لەسەر نیشتمانەکەیان بەڕێبکەن.
وەک باشچاوشی قەدیم و یوزباشی دیوان سالاری و مەسلەکی رەعایای مەملکەت بە گرت دەدەن و دوایش لە مەخفەر شەفاعەتی رەسمییان بۆ دەکەن. ژێر بە ژێر سەد کەین و بەین دەکەن و لە بەردەم کامێرای لۆکاڵی نیشتمان (سەر مەقالە)ی کولاچکراو ریز دەکەن.
چاوت فرمێسکە و روخسارت خەمین، بەڵام دەستت بۆ وا گوشیووە و پەنجەکانت بۆ وا خوێناوییە و ئەم پاسارییە جوانەی باخچەی نیشتمان بۆ وا زەبونە و خەریکە بە دەستت دەفلیقێتەوە؟
لەم سودفە و رێکەوتە کە وەک درامای پڕ هەیەجان و ململانێ لە بن هەر دەبابەیەک کلاشێکی تۆ ئاسەواری هەماهەنگییە، لە هۆڵی چۆلی دوای هەر کۆبوونەوەیەک لەسەر مێزەکان سەرەقەڵەمی ئیمزا و لەناو زبڵدانی گۆشەی ژوورەوە رەشنووسی رێککەفتن و هەماهەنگی و پاشقولگرتنت بەجێماوە.
ئەمە بەزمە لە کەرکوک تا سەرتاسەری وڵات.
خەڵک وردەکارە و سەلیقەی بەرزی وای هەیە بە جۆرێک دەتوانێت کاغەزەکان بە تیپ و سیکۆتین پێکەوە بنووسێنێ و شتەکان پێکەوە گرێبدات، ئیتر لۆمە و گرمۆڵە و گلەیی لەپای چی؟
لە هەر کوێ ویست و بەرژەوەندییەکی کەمی میللەت هەبێ ئێوە یان بە قەرز و قست مەحفی دەکەنەوە یان بە (نابێ و ناکرێ)ی دەنگی بەرز جەنگی مەغلوبەی لەسەر بەرپا دەکەن و سەرەنجام وای دەنوێنن هەموو شتەکان دیزاین کراوە و گوایە گەلەکۆمەکێمان لێکراوە.
برا سواری سەری خەڵک دەبن و پێتان سەیرە کۆمەڵانی خەڵک نوزەیەکیان لێ پەیدا بووە و غیرەتێکیان داوەتە بەر خۆیان کە چیتر ستەم و زوڵمی رەها قبوڵ نەکەن؟